هەڵبژاردەی کوردستان لەگەڵ پاڵەوانی جامی کۆنیفا یاریی دەکات


هەڵبژاردەی کوردستان بۆ ئامادەکاریی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەرێمی ئیلان ڤانینی ئێرلەندا دەستی بە راهێنان کردووە. 

سەرەتای راهێنانی تیپەکە لە ناو یاریگای دووەمی فەڕەنسۆ هەریری پایتەختی کوردستان بە سەرپەرشتی سلێمان رەمەزانی راهێنەر بەڕێوەچوو، کە ١٩ یاریزان بۆ پێکهاتەکە بانگهێشتکراون. 

یارییەکەی هەڵبژاردەی کوردستان بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو لە فینلەندا ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە باشووری کوردستان بە قەیرانێکی قوڵی دارایی تێپەڕ دەبێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان گەشبینە بە بوونی پاڵپشتی دارایی بۆ خەرجیی شاندەکەیان بۆ گەشتی ئێرلەندا. 

بەپێی ئەو پڕۆگرامەی داندراوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی کوردستان هەفتانە دەچنە ناو دوو یەکەی راهێنان، ئەوان چاویان لەوەیە ئاستێکی بەرز بەرامبەر ئیلان ڤالین پێشان بدەن و پێشکەوتنی تۆپی پێی کوردستان بە هاوتا ئێرلەندییەکەیان بناسێنن.

لە چەند ساڵی پێشوودا هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی چەندین پاڵەوانیەتیی کردووە، کە زیاتر لەسەر ئاستی هەرێمەکان بووە، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان وەڵامیان ئەوەیە، کە هەڵبژاردەی کوردستان بە فەرمی لەلایەن فیفاوە نەناسراوە، بۆیە ناتوانن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەک یاریی بکەن و لە هەمان کاتدا هەموو هەڵبژاردەیەکیش ئامادە نییە لەگەڵ تیپێک یاریی بکات، کە ئەندامی فیفا نەبێت.