یاساکانی تۆپی پێ دەگۆڕێن
رووداو - هەولێر
جیانی ئینڤانتینۆی سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) ئاشکرایکرد یاساکانی تۆپی پێ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و ئەگەر هەیە یاسای سزای سیانە کە مەبەست لێی گرتنی لێدانی سزا و کارتی سوور و دواتر سزادانە، گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
ئینڤانتینۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی یەکێتی تۆپی پێی جیهان کە بە ئیفاب ناسراوە، لە شاری کاردیفی بەریتانییەوە گوتی لەو حاڵەتانەدا کە گۆڵپارێز یان بەرگریکەر لەناو هێڵی سزادا هەڵە دەکەن تا بەرامبەرەکەیان گۆڵیان لێنەکات، ئەوە سزاکە لە کارتی سوورەوە دەگۆڕێت بۆ کارتی زەرد.
وەک سەرۆکی فیفا گوتی کارتی سوور لە حاڵەتی جووڵە و توندوتیژیدا بەکاردەهێنرێت کاتێک مەبەست لێی تۆپ نەبێت و یاریزانی تیپی بەرامبەر بێت.
سەرۆکی فیفا گوتی لەو حاڵەتانەدا کە گۆڵپارێز لە گۆڵەکەی دێتە دەرەوە بۆ گرتنی تۆپ و بەر یاریزانی تیپی بەرامبەر دەکەوێت، ئەو کات لێدانی سزا هەژمار دەکرێت لەگەڵ پێدانی کارتی زەرددا.
ئەگەر هەیە ئەو گۆڕانکارییە لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە کاری پێبکرێت و بەوەش لە پاڵەوانیەتییەکانی یۆرۆی 2016 لە فەرەنسا و کۆپا ئەمێریکای هەمان ساڵدا کاری پێدەکرێت.