زێرەڤانی و هەولێر ئاگریان لە ریزبەندی خولی نایاب بەردا
رووداو-هەولێر
گەڕی 17ـی خولی نایابی کوردستان کۆتاییهات و یانەکانی هەولێر و زێرەڤانی براوەبوون، سیروانی نوێش دوو خاڵی لەدەست دا.
لە درێژەی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولی نایابدا، سێ یاری لە شارەکانی کوردستان کران، یانەی هەولێر لە یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی زاخۆی کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە سوودی کوڕانی ئەحمەد موناجد کۆتاییهات، گۆڵەکانیش لەلایەن هۆگر حوسێن و دانا عوسمانەوە تۆمارکران.
یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 24 خاڵ و گەیشتە پلەی پێنجەم، زاخۆش 18 خاڵی هەیە و لە پلەی هەشتەم مایەوە.
یانەی زێرەڤانیش لەنێو یاریگەی خۆیدا 2-0 لە دهۆکی بردەوە لەو یارییەی کە بە دێربی شاری دهۆک دادەنرا، عەلی نووری و وەکاع رەمەزان گۆڵەکای زێرەڤانییان کرد.
زێرەڤانی بە 23 خاڵ گەیشتە پلەی شەشەم، دهۆکیش لە پلەی حەوتەمە و 22 خاڵی هەیە.
لە یارییەکی دیکەشدا یانەی سیروانی نوێ نەیتوانی بگەڕێتەوە پێشەنگی خولی نایابی کوردستان، لە یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی 0-0 یەکسان بوو، سیروان ژمارەی خاڵەکانی بۆ 25 خال بەرزکردەوە و لە پلەی چوارەم مایەوە، بەڵام یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی بەردەوامە و پلەیەک سەرکەوت، دوای ئەوەی کۆی خاڵەکانی بوونە 17 خاڵ و لە پلەی نۆیەمدایە.