ڤیدیۆ؛ ئەوەی نەسڕ و رۆناڵدۆ پێیان نەکرا، دهۆک کردی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد و نیوەی رێگەی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان بڕی، دوای ئەوەی لە یانەی ئیتیفاقی بردەوە.
لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداودا، یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعودی یارییکرد، بەهۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لەرووی کوالێتی یاریزانان و هەردوو تیپەوە هەیە، زۆرینەی پێشبینییەکان بۆ بردنەوەی یانە سعودییەکە بوون.
هەزاران هاندەری ئیتیفاق لە یاریگەدا ئامادەبوون، بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە و هەر زوو یانە سعودییەکە گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی یانەی دهۆک، بەڵام هیچ مەترسییەکیان نەبوو، تەنیا لە یەک هەلدا نەبێت، ئەویش محەممەد ساڵح، گۆڵپارێزی یانەی دهۆک دووریخستەوە.
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو خولەک، مارلۆ دۆس سانتۆس، ئەستێرەی بەرازیلی بە لێدانی سەر گۆڵێکی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد، ئەلهویێن چیا سعودیە و ئیگتیفاقیان شۆککرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هاوشێوەی نیوەی یەکەم کۆنتڕۆڵی تۆپ لای ئیتیفاق بوو و دهۆک بەرگرییەکی رێکخراوی کرد، دهۆکییەکان یارییەکەیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ یانە سعودییەکە بردنەوەیەکی مێژووییان تۆمارکرد و بەبردنەوەوە دەگەڕێنەوە دهۆک.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، هاندەرانی دهۆک خۆیان ئامادەکردووە، یاریگە پڕبکەن و پاڵپشتیی یانەکەیان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
دوای یارییەکە دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "پیرۆزبایی لە هەموو هاندەرانی یانەی دهۆک دەکەم، یارییەکە هێشتا ماویەتی و پێویستە پاڵپشتیی یانەکە بکەین و لە یاریگەی خۆماندا رێگەکە تەواو بکەین."