ڤان پێرسی بۆ مانگی رەمەزان بڕیاریک لەبارەی یاریزانە موسڵمانەکانی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، ئەوانەی بەڕۆژوو دەبن مامەڵەیەکی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، لەلایەن رۆبن ڤان پێرسیی راهێنەریان، کە پێیوایە ئەوان پێویستییان بە مەمەڵەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات هاوسەنگی دروست بکەن لەنێوان پابەندبوونە وەرزشییەکان و ئەرکە ئاینییەکانیان لە مانگی رەمەزاندا.
ڤان پێرسی ستراتیژی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانە موسڵمانەکانی ناو تیپەکە ئاشکراکرد، کە بریتین لە ئەنیس حاج موسا، ئیبراهیم عوسمان، ئوسامە تارجالین، رامز زەرۆقی و ئەیمەن سلیتی.
راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە لێدوانەکانیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، پشتڕاستیکردەوە کە لە کاتی ئامادەکردنی تیپەکەدا رۆژووگرتن لەبەرچاو دەگرێت و روونیکردەوە "پێنج یاریزانی بەڕۆژوومان هەیە، و درک بە گرنگی ئەوە دەبەم کە پێویستییان بۆ نەرمیی ئێمە هەیە لە ماوەی رەمەزاندا".
راهێنەرە نوێیەکەی فاینۆرد، زیاتر گوتی "رێگەیان پێدەدەین درەنگ بگەنە مەشق و راهێنان و زووتریش بڕۆنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر بەرن، ئەمەش هیچ کاریگەری نەرینی لەسەر ئامادەکارییەکانمان نییە بۆ یارییەکان، بەڵکو یارمەتییان دەدات هاوسەنگی دەروونی و جەستەیی خۆیان بپارێزن".
ئاسانکارییەکانی ڤان پێرسی تەنیا کاتی راهێنانەکان ناگرێتەوە، بەڵکو درێژکراونەتەوە بۆ وردەکارییەکانی دیکەش، وەک ئەوەی کە ستافی تەکنیکی دەستکاری خشتەی راهێنانەکانی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ توانای یاریزانەکان لە کاتی رۆژووگرتندا بگونجێن، لەگەڵ گرنگیدان بەو راهێنانەی لە رۆژدا یاریزانان کەمتر ماندوو دەکەن، ئەمە جگە لە تەرخانکردنی ماوەی گونجاو بۆ چاکبوونەوە لە دوای بەربانگ کردنەوە".
ئەم هەنگاوە لەلایەن یاریزانە موسڵمانەکانەوە بە رێز و ستاییشەوە پێشوازی لێکرا و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم نەرمی نواندنەی راهێنەرەکەیان یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئەوەی باشترینیان لە یاریگادا پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ئەرکە ئاینییەکانیان بکەن.
فاینۆرد بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی هۆڵەندی دێت و لەسەر ئاستی چامپیۆنزلیگیش، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا 0-2 بە ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دۆرا.