سزایەکی دیکەی بێبەشکردنی ریال مەدرید لە کڕینی یاریزانان بەڕێوەیە
رووداو – هەولێر
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە فەرمی سکاڵایەکی لە دژی یانەی ریال مەدرید بۆ یەکێتی تۆپی پێی جیهان فیفا، بەرزکردووەتەوە، سەبارەت بە گفتوگۆکردنی بەرپرسانی ریال مەدرید لەگەڵ تیۆ هێرناندزی یایریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس یاریی دەکات.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید گواستوویەتییەوە ، بەر لە مانگێک شاندێکی یانەی ریال مەردید بە فەرمی لەگەڵ تیۆ هێرناندزی تەمەن 19 ساڵ کۆبوونەتەوەو داوایان لێکردووە لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریالەوە بکات بێ ئەوەی یانەکەی لەو گفتوگۆیە ئاگاداربکەنەوە، دواتر تیۆی بەرگریکار، یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ریال مەدرید ئامادەیە بڕی 24 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکەی بداتە ئاتلێتیکۆ.
بەپێی یاسای ژمارە 143 لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، هەریانەیەک گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانێک بکات کە بەشێوەی خواستن لە یانەیەکی دیکە یاریی بکات و بەبێ ئاگادارکردنەوەی یانەکەی، ئەوا دووچاری سزای بێبەشبوون لە کڕینی یاریزانان دەبێتەوە بۆ ماوەی یەک گواستنەوە.
ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ریال مەدرید ساخبێتەوە، ئەوا ریال مەدرید بۆ جارێکی دیکە لە مێرکاتۆی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان بێ بەشدەکرێت.