ئیسكۆ بڕیاری خۆی دا
ئیسكۆ، ئه‌ستێره‌ی ئیسپانی یانه‌ی ریال مه‌درید، بڕیاری خۆی دا له‌باره‌ی رۆیشتن یان مانه‌وه له ریزه‌كانی یانه‌ی ریال مه‌درید.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، كه زۆر نزیكه له یانه‌ی ریال مه‌درید، رایگه‌یاند "ئیسكۆ بڕیاریداوه له ریال مه‌درید نه‌ڕوات و به‌رده‌وام بێت له یاریكردن بۆ ئه‌و یانه‌یه له ژێر سه‌رپه‌رشتی زه‌ینه‌دین زیدان".
ئه‌وكاته‌ی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنه‌ری ریال مه‌درید بوو، ئیسكۆ پشتگوێخرابوو، بۆیه بیری له رۆیشتن له یانه‌ی شاهانه ده‌كرده‌وه، به‌ڵام وادیاره به گه‌ڕانه‌وه‌ی زیدان بڕیاری ئه‌و گۆڕاوه.
ماركا باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه هۆكارێكی دیكه‌ش رێگه به ئیسكۆ نادات له ئیسپانیا بڕوات و ده‌ڵێت "ئیسكۆ كوڕێكی هه‌یه له شوێنێكی نێوان مه‌درید و مه‌له‌گه ده‌ژیت و چاوه‌ڕێ ده‌كات به‌منزیكانه منداڵێكی دیكه‌شی له سارا سالامۆی دۆستیشی ببێت، بۆیه ئه‌و هه‌رگیز له مه‌درید ناڕوات".