کریستیانۆ رۆناڵدۆ.. یەکەم ملیاردێری تۆپی پێ
رووداو - هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، ئامادەیە بۆ ئاهەنگگێڕان بە دەستکەوتێکی کەسیی دوور لە یاریگەکان، ئەو دەبێتە یەکەم ملیاردێر لە جیهانی تۆپی پێدا و سێیەم ملیاردێر لە جیهانی وەرزش بەگشتی.
پێشتر سەرمایەی هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ و تەنانەت هیچ وەرزشوانێکیش نەگەیشتووەتە ملیار دۆلار، بێجگە لە تایگەر وۆدزی یاریزانی گۆڵفی ئەمریکی و فلۆید مایودێزی بۆکسێنەری ئەمریکی.
ماڵپەڕی فۆتبول ئیتالیا ئاشکرایکرد، داهاتەکانی رۆناڵدۆ لە رێگەی براندی CR7 لە ساڵی 2019 گەیشتە 100 ملیۆن یۆرۆ، بەمەش داهاتی کریس ئێستا نزیکبووەتەوە لە ملیار دۆلار.
کەمکردنەوەی مووچەی رۆناڵدۆ بە بڕی 4 ملیۆن یۆرۆ، لە لایەن یوڤێنتوسەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کاریگەری بەسەر داهاتی رۆناڵدۆوە نابێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دۆر لە تۆپی پێ و مووچە گەورەکەی، خاوەنی چەندین پرۆژەی گەورەی وەبەرهەمهێنانیشە، کە چەندین هۆتێلی هەیە و خاوەنی براندی CR7ـە لە بواری جلوبەرگ و پێڵاو و بۆنەکان.
پێشبینی دەکرێت ئەفسانەی تێنسی سویسریش، رۆجێر فێدێرێر لەم ساڵەدا سەرمایەکەی بگاتە ملیار دۆلار.