ڤیدیۆ؛ سەڵاح و مانێ بە رۆژوو دەبن و باشترین یاری دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی رەمەزان، هەمیشە پرسیارێک دروستدەبێت، ئەویش ئەوەیە کە یاریزانە موسڵمانەکان چەند کاژێر بە رۆژوو دەبن، لەوانەش محەممەد سەڵاح، سادیۆ مانێ، پۆڵ پۆگبا، ریاز مەحرز، ئێنگلۆ کانتێ و چەند ئەستێرەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت " بانگی بەیانیان کاژێر چوار و 33 خولەک دەبێت، بانگی مەغریبیش لە کاژێر 20:15 خولەک دەبێت، بەمەش یاریزانە موسڵمانەکانی پرێمەرلیگ نزیکەی 15 کاژێر بە رۆژوو دەبن.
 
لە مانگی رەمەزاندا یانەی لیڤەرپوول 5 یاری لە پرێمەرلیگدا ئەنجامدەدات، یارییەکیان بەرامبەر واتفۆرد بە 2-0 بردەوە، یارییەکانی دیکەش بەرامبەر مانچێستەر سیتی، ئاستۆن ڤێلا، ئێڤێرتۆن و نیوکاسل یونایتد دەبن، کە ئەوەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی لووتکە دەبێت و بە یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە ناودەبرێت.
 
لە پرێمەرلیگدا ئەو یارییانەی دەکەونە نێو بەربانگەوە لەکاتی بانگی مەغریبدا یارییەکان رادەگیرێن و رێگە بە یاریزانەکان دەدرێت رۆژووەکانیان بشکێنن.
 
پێشتر یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول رایگەیاندبوو، رێزی زۆر لە بیر و باوەڕی یاریزانەکانی و پابەندبوونیان بە رۆژووگرتن دەگرێت، ئەوان ئەگەر بە رۆژوو بن یان نا هیچ کاریگەرییەک لەسەریان نابێت و ئەوان باشترین توانای خۆیان دەخەنەگەڕ."
 
کڵۆپ زیاتر دەڵێت " زۆرجار بەهۆی نوێژکردنەوە محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانێ لە هاتنیان بۆ ژووری جل گۆڕین دوادەکەون، لە ژیاندا هەندێک شت لە تۆپی پێ گرنگترن."