هەواڵە خۆشەکان بەسەر بارسێلۆنادا دەبارێن

رووداو دیجیتاڵ

لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەی بارسێلۆنادا، سێ مژدەی خۆش هەبوو بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، کە تایبەت بوون بە گەڕانەوەی سێ یاریزانی پێکراو و ئامادەییان بۆ یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا.
 
سێ یاریزانی بارسێلۆنا لەو تاقیکردنەوەیەدا دەرچوون کە چاڤی هێرناندێزی راهێنەر ئامادەی کردبوو، پێش ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببنەوە.
 
بارسێلۆنا لەم هەفتەیەدا هیچ یارییەک لە خولی ئیسپانیا ئەنجام نادات، بۆیە چاڤی بڕیاریدا یارییەکی مەشق و راهێنان ئەنجام بدات، کە ئەمڕۆ شەممە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەر سێ یاریزانی گەڕاوە لە پێکان، فرێنکی دی یۆنگ، پێدری و ئاندرێس کریستینسن بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، فرێنکی دی یۆنگ، پێدری و کریستینسن بەشدارییان لە یاریی مەشقەکاندا کردووە، هەروەها ئەو سێ یاریزانە 4 رۆژ پێش یارییەکەی پاریس سانجێرمان لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچوون و ئامادە دەبن بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەدا.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، یارییە تاقیکارییەکە سەلماندی کە یاریزانەکان لە دۆخێکی ئەرێنیدان، هەروەها ئەو سێ یاریزانە لەژێر چاودێریدا دەهێڵرێنەوە، پێشبینیش دەکرێت پەیوەندی بە شاندی بارساوە بکەن کە بەرەو پاریس بەڕێدەکەون.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، ئەستەمە بتوانرێت ئەو سێ یاریزانە پێکەوە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە لە یاریی بەرامبەر پاریس ببینرێن، بەتایبەتی پێدری کە تەنیا چەند خولەکێک دەتانێت بەشداری بکات، چونکە لە پێکانی ماسوولکەکانی رانی گەڕاوەتەوە، هەروەها نایانەوێت سەرکێشی پێوە بکەن بەلەبەرچاو گرتنی یارییەکەی گەڕانەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری ئەوە زیاترە کە کریستینسن و دی یۆنگ بەشداری لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکەن بەرامبەر پاریس، بەتایبەتی یاریزانە هۆڵيندییەکە کە چاڤی پشتی پێدەبەستێت.