ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و میوانەکەی گۆڵبارانکرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە سوپەرلیگ نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و میوانەکەی گۆڵبارانکرد.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 34 هەزار هاندەر لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی بۆلوسپۆر یارییکرد و یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و درێژەی بە سەرکەوتنەکانیدا.
دوای شەش خولەک یارییکردن، محەممەد یەشل گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئامەدسپۆر پێشکەوت.
لە خولەکی 31 دیان لیچۆ، یاریزانی یانەی بۆلوسپۆر بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەوە هەلێکی زۆر گەورەی دایە ئامەدسپۆر و پاشان کەرنەڤاڵێکی گەورەی گۆڵ تۆمارکردن دەستیپێکرد.
لە خولەکی 38 ئێمبای دیانێ، ئامەدسپۆری کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
خولەکی 41 جەلال هاناڵپ بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی میوانی هەژاند، ئامەدسپۆر نیوەی یەکەمی یارییەکە بە ئارامییەکی زۆرەوە تەواو کرد.
لە خولەکی 56 دیانێ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، گۆڵکارە سەنیگالییەکە شایی کوردیی لە یاریگەدا ئەنجامدا و ئەوە هاندەرانی ئامەدسپۆری زیاتر دڵخۆشکرد.