ڤینی هەواڵێکی خۆشی راگەیاند و پەردە لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەلۆنسۆ لادەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید باس لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی دەکات و بۆ یەکەمجار قسە لەبارەی تووڕەبوونەکەی لە چابی ئەلۆنسۆ دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن، ڤینیسیۆس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چەند پرسێکی جیاوازەوە قسەیکرد و گوتی "تیپەکەمان هەست بە بەهێزیی یارییەکە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم یارییانە هەیە، هیوادارم ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین کە شایستەی گەورەیی یارییەکە بێت."
 
ڤینیسیۆس باسی لە ناجێگیریی ئاستی تیپەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە تۆپی پێدا رۆژی باش و خراپت هەیە، ئەوەش لە کاتی دۆڕانەکەیان بەرامبەر مایۆرکا لە لالیگا بە روونی دەرکەوت.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە روونی کردەوە کە تیپەکە دوای گەڕانەوە لە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان لەوپەڕی بیرکردنەوەی خۆیدا نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە نەبوونی بیرکردنەوەی باش لە ئاستێکی وەها بەرزدا بە سادەیی واتە دۆڕاندنی یارییەکان، ئەمەش پەیامێکی روون و ئاشکرایە پێش رووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر بایرن میونشن.
 
لەبارەی ئەگەری یاریی نەکردنی هاری کەین لە یارییەکەدا، ڤینیسیۆس گوتی "ئەگەری یاریی نەکردنی هاری کەین لە یارییەکەدا، هیچ لە توانای بایرن میونشن لە یاریگەدا ناگۆڕێت. کەین یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە و خاوەنی زۆر گۆڵە، یاریی نەکردنی ئەو پاڵ بە یانەکەیەوە دەنێت هەندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەران نابین لە بەهێزیی رکابەرەکەمان. بایرن خاوەنی ژمارەیەک یاریزانی زۆرباشە و دەتوانن جیاوازیی دروستبکەن."
 
ڤینیسیۆس دووپاتیدەکاتەوە، پێویستە ریال مەدرید بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەبێت، چونکە یارییەکە زۆر زەحمەتە و ئێمە ناسنامەی ئەو یاریزانانە دەناسین کە سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی تیپە ئەڵمانییەکە دەکەن.
 
لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر بە رۆژنامەڤانانی گوت "گرێبەستی ئێستام ساڵێکی ماوە، بەڵام هەست بە هیچ نیگەرانییەک ناکەم، ویستی من روونە و دەمەوێت ماوەیەکی درێژ لە یانەکەدا بمێنمەوە، پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ کارگێڕی و سەرۆکی یانەکە هەیە و هیچ هەست بە نیگەرانی ناکەم."
 
ڤینی زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت "ریال مەدرید یانەی خەونەکانمە و لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستەکەم نوێدەکەمەوە، چونکە دەمەوێت لێرە مێژوو بنووسمەوە."
 
ڤینیسیۆس دانی بەوەدا نا کە دەرفەتی پێویستی بۆ یاریکردن پێنەدراوە، چونکە زۆربەی بەشدارییەکانی تەنیا بۆ چەند خولەکێکی کەم بوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شێوازی راهێنەرەکە بە تەواوی لەگەڵ ئەودا نەدەگونجا، بەتایبەتی لە رووی پەیوەندییەوە، روونیشیکردەوە کە هەر راهێنەرێک شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەو نەیتوانیوە ئەو پەیوەندییە دروست بکات کە ئاواتی بۆ دەخواست.
 
سەرەڕای ئەوەش، جەختی کردەوە کە ئەزموونەکە بە تەواوی نەرێنی نەبووە، بەڵکو وانەی گرنگی لەسەر ئاستی کەسی و پیشەیی لێ وەرگرتووە و دەیەوێت لە کاروانی وەرزشیدا سوودیان لێ ببینێت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر باسی لە رووداوی تووڕەبوونی لە کاتی کلاسیکۆدا کرد و جەختی کردەوە کە ساتێکی باش نەبووە لە کاروانی وەرزشیدا، هەروەها راستەوخۆ دوای یارییەکە داوای لێبووردنی لە هەمووان کردووە.
 
ڤینی روونیکردەوە کە ئەو بە سروشتی خۆی حەز بە چوونە دەرەوە لە یارییەکان ناکات و هەمیشە دەیەوێت تاوەکو کۆتایی بەردەوام بێت، ئەمەش وای لێکردووە ئەو کاردانەوە تووڕەیەی هەبێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە دوای ئەوەی هێور بووەتەوە، بە تەواوی لە هەڵەکەی تێگەیشتووە. ئەو ئەستێرە بەرازیلییە جەختی کردەوە کە هێشتا لە قۆناخی فێربووندایە و پێیوایە هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت دەرفەتێکی نوێیە بۆ گەشەکردن و باشتربوون.