مەرجی گواردیۆلا بۆ مانەوە لە مانچێستەر سیتی
رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی دیارنییە، هێشتا روون نییە ئەو راهێنەرە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت یان نا، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 تەواو دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی جیاواز لەبارەی داهاتووی راهێنەرەکە لەگەڵ مان سیتی بڵاوکراونەتەوە، گوایە لە هاوینی ئەمساڵ دوای کۆتاییهاتنی وەرز پێپ گواردیۆلا لە یانەکە دەڕوات.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی، گواردیۆلا بڕیاربوو لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتیی رابردوودا بڕیارەکەی بە کارگێڕی یانەکە رابگەیێنێت، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا و یانە و راهێنەرەکەش هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەدا.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گواردیۆلا بڕیارەکەی تاوەکو کۆتایی وەرز دواخستووە و دەیەوێت هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە بۆ دۆخی یانەکە بکات، بۆ ئەوەی بزانێت دەگونجێت پابەندی گرێبەستەکەی بێت و بمێنێتەوە یان نا.
بەپێی رۆژنامەکە، راهێنەرە ئیسپانییەکە لە مانگی داهاتوودا دەکرێت دوو پرسیار لە خۆی بکات، ئەوانیش تاوەکو چەند ئەو تیپەی ئێستا هەیەتی توانای وەڵامدانەوەی بیرۆکەکانی هەیە، هەروەها چەند وزەی هەیە بۆ بەردەوامبوون و مانەوە لە پرێمەرلیگدا، یان پێویستی بەوەیە ساڵێک پشوو وەربگرێت، وەکو ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو.
ناڕوونی داهاتووی راهێنەرەکە لەگەڵ مانچێستەر سیتی وایکردووە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لە هەنگاوەکانی دوای گواردیۆلا لە یانەکە بکەن، بۆ ئەوەش ناوی چەند راهێنەرێک دەهێنرێت، دیارترینیان ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری ئێستای یانەی بایرن میونشن و یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیان.
جگە لەوە ناوی راهێنەرێکی دیکە بە مانچێستەر سیتییەوە بەستراوەتەوە، ئەویش ئێنزۆ مارێسکای، راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسییە کە پێشتر یاریدەدەری گواردیۆلا بوو و ئێستا بێ کارە.
مانچێستەر سیتی ئەم وەرزە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا چووە دەرەوە، نازناوی کاراباو کەپی بەدەستهێناوە و چووەتە قۆناخی پێشکۆتایی ئێف ئەی کەپ، لە پرێمەرلیگیشدا لە رکابەریکردنی یانەی ئارسیناڵ لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بەردەوامە.