یاریزانانی بارسێلۆنا گەڕانەوە و پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کرا

رووداو - هەولێر

رۆژنامەکانی ئیسپانیا رایانگەیاند، ئەمڕۆ بەیانی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی گەڕانەوە بارەگای یانەکەیان و پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "یاریزانانی بارسا ئەمڕۆ پشکنینیان بۆ کراوە بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە.

یاریزانانی بارسا بە شێوەی گرووپی بچووک لە ماوەی نێوان کاژێر 6 تاوەکو 9ی بەیانی گەیشتوونەتە بارەگای سەرەکی یانەکەیان و پشکنینەکانیان بۆ کراوە، کە بەپێی ئەو سەرچاوانە دوای 48 کاژێر ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچێت بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، ئینجا رێگەیان پێدەدرێت دەست بە مەشقەکانیان بکەن.

حکومەتی ئیسپانیا رێگەی بە یانەکانی داوە بەپێی پۆرۆتۆکۆڵێک دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە، بۆ خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی خولی ئیسپانیا، کە لە ئاداری رابردووە یارییەکانی راگیراون بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئیڤان راکیتیچی یاریزانی کرواتی، مارک تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی و فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی بەر لە هەمووان گەیشتوونەتە بارەگای بارسا و دوای ئەوانیش کلیمێنت لینگلێ، سێرخیۆ بۆسکێس و سێرجی رۆبێرتۆ گەیشتوون، ئینجا دوای ماوەیەک هەموو ئەوانەی دیکەش گەیشتوون.

کیکێ سێتینی راهێنەری یانەکە کاتی دەستپێکردنەوەی مەشقەکانی بارسێلۆنا دیاری دەکات، کە پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممەی داهاتوو بێت.