سیروانی نوێ یاری لووتکە دەکات
رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی یەکەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە ئەنجامدانی 3 یاری بەڕێوەدەچن.
یانەی سیروانی نوێ وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی گرتووە، سیروانی نوێ لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی برایەتی دەکات، یانەی میوان تینووی بەدەستهێنانی نازناوێکی خولەکەیە و 7 خاڵی هەیە، هەر بۆیە بۆ یارییەکە هەردوو یاریزانانی هێڵی بەرگری هەرێم تەحسین و عەلی رەعدی بۆ پێکهاتەکەی زیادکردووە.
مەحموود مەجید، راهێنەری یانەی برایەتی. لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆرباشمان بۆ وەرگرتنی 3 خاڵ لە یارییەکی یەکجار قورسدا کردووە، ئێمە لە یەککاتدا بەشداری خولی کوردستان و خولی پلەیەکی عێراقمان کردووە، بەڵام کاردەکەین بۆ بردنەوەی نازناوی خولی کوردستان".
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی زاخۆ رووبەڕووی یانەی هەندرێن دەبێتەوە، زاخۆ دڵی هاندەرانی خۆش نەکردووە و سەرجەم یارییەکانی بە شکست تەواوکردووە، هەر بۆیە تینووی یەکەم سەرکەوتنە، لە بەرامبەردا کوڕانی هەندرێن بە دروشمی بەرەو نازناوی دووەمیان یاریدەکەن.
دڵشاد مەعروف، راهێنەری یانەی هەندرێن، ئاشکرایکرد "بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەین و هیوامان وایە یاریزانانمان ئەو پلان و ئەرکانەی ئێمە پێیان دەدەین بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێی بکەین".
لە دەڤەری گەرمیان یانەی شێروانە لەنێو ئەرکێکی قورسدا شەڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، پێشمەرگەکانی هەولێر دەیانەوێت فیکەی کۆتایی ناوبژیوان بە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆیان تەواوبکەن و نزیک ببنەوە لە بردنەوەی سێیەم نازناوی خولی نایابی کوردستان.
دوای تەواوبوونی 4 گەڕ لە یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی کوردستان، ریزبەندیی یانەکان بەمشێوەیە:
سیروانی نوێ 9 خاڵ
شێروانە 7 خاڵ
برایەتی 7 خاڵ
پێشمەرگەی هەولێر 5 خاڵ
هندرێن 5 خاڵ
زاخۆ هیچ خاڵی نییە