رۆناڵدۆ دەیەوێت گورزێکی کوشندە لە ریال مەدرید بدات

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەوڵدەدات گورزێکی کوشندە لە یانەی پێشووی ریال مەدرید بدات.
 
لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەی نەسڕ سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید و یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ئەم وەرزەی یانەکە.
 
پێشبینی دەکرێت مێرکاتۆی ئەم هاوینە گرموگوڕترین مێرکاتۆ بێت بۆ ریال مەدرید لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا لەڕووی گواستنەوە و رۆیشتنەوە، بەهۆی ئەوەی زنجیرەیەک پێکان پێکهاتەکەی وێران کردووە، بەتایبەتی لە هێڵی بەرگریدا، بۆیە یانەکە بیر لە چەند گۆڕانکارییەک دەکاتەوە.
 
لەکاتێکدا یانەی نەسڕی سعودی هەوڵدەدات بە بەرگریکارێکی پلەیەک ریزەکانی خۆی بەهێز بکات، ئەنتۆنیۆ رودیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی، لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ کراوەتە ئامانجی سەرەکی بۆ گواستنەوەی لە هاویندا.
 
ئەم هەنگاوەی نەسڕ لەکاتێکدایە کە جگە لەوەی رۆناڵدۆ حەزدەکات ئەو بەرگریکارە بباتە نەسڕ، یانەکەش ترسی لە رۆیشتنی ئێمریک لاپۆرتی بەرگریکاری ئیسپانی هەیە، ئەمە وایکردووە یانەکە بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێت کە ئەزموونێکی بەرگری بەهێزی هەبێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، نەسڕ دەیەوێت داواکاریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ جێبەجێبکات و دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکەش بە رودیگێر بکات کە رەتکردنەوەی مەحاڵ بێت.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بەرپرسانی نەسڕ پلانیان داناوە گرێبەستێکی چوار ساڵی بەبەهای 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە بەرگریکارە ئەڵمانییەکە، واتا 25 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا. ئەمەش زۆر زیاترە لە مووچەی ئێستای لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، کە ساڵانە لە نێوان 11 بۆ 14 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
 
رۆدیگێر هەرچەندە چەندینجار ئاماژەی بەوەداوە کە هیچ پلانێکی نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا ریزەکانی ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنی کە 32 ساڵە، لەوانەیە رودیگێر ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەستنەدات و رازی بێت بچێتە ریزەکانی نەسڕ و هاوشانی کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ یاری بکات، کە ئەوە خەونی زۆربەی یاریزانانی جیهانە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک ئارەزووی فرۆشتنی رودیگێری نییە و ئەگەر ئەوە رووبدات بەدڵنیاییەوە درزێک دەکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوان رۆناڵدۆ و ریال مەدرید، بەتایبەتیش فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە.