دیوە مرۆییەکەی هانزی فلیک لە زاری رافینیاوە


رووداو دیجیتاڵ

رافینیای ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، خۆی و سێ یاریزانی دیکەی، وەک بەربژێری بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر دەستنیشانکرد. هێرشی کردە سەر چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی یانەکەی و دەڵێ هانزی فلیک زۆر مرۆڤدۆستە.
 
رافینیا لە نوێترین چاوپێکەوتندا، باسی لە کۆمەڵێک زانیاری لەسەر ژیانی خۆی و یارییکردن لە بارسێلۆنا کردووە. ئەو دەڵێ نمرەی 7.5 لە 10 دەدەم بەخۆم، لە بەربژێربوون بۆ باڵۆندۆری ئەمساڵ و پێموایە من یەکێکم لە بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە. رافینیا دەڵێ، "بەربژێربوون بۆ باڵۆندۆر، خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە".
 
رافینیا دەڵێ، رکابەرانی بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ئەمساڵ بریتین لە "لامین یامال وەک بەربژێری سەرەکی، هەروەها محەممەد سەڵاح و ئێمباپێ، پاشان پێدری کە باشترینە لە جیهاندا، بەڵام وەک پێویست باس ناکرێت، چونکە تۆپی پێ ئێستا تەنیا پشت بە ژمارە دەبەستێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەموو کات بەربژێرە بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر، ئەگەرچی ژمارەکانی ئەمساڵی لە ساڵی رابردووی کەمترن، رۆدریگۆش هەروەها دەکرێ لە لیستی بەربژێرەکاندا بێت، چونکە ئەو لێهاتوو، سەرنجڕاکێش و بەتوانایە و یەکێکە لە باشترین ئەو یاریزانانەی لە ژیانمدا بینیومە".
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە لە هەمان چاوپێکەوتندا، هێرشی تووندی کردووەتە سەر چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و ئاشکرایکردووە هاوینی رابردوو زۆر نزیکبووە لەوەی بڕواتە خولی سعودیە، بەڵام فلیک بەبەردەوامبوون لە بارسێلۆنا رازیی کردووە.
 
ئەو دەڵێ، "هەستمدەکرد چاڤی و یاریدەدەرەکانی متمانەیان بەمن نییە، هەندێکجار لە 60 خولەک یارییکردندا، هەموو وزەی خۆم خەرجدەکرد، بەڵام ئەو دایدەنیشاندم، هەوڵمدا دۆخەکە چاکبکەمەوە، چەندینجار قسەم لەگەڵداکرد، بەڵام ئەو بۆچوونی نەگۆڕا، ئەو شێوازێکی تایبەتی هەیە لەبیرکردنەوەدا، من تەنیا ئەوکات یارییمدەکرد کە یاریزانێکی دیکە نەبووایە لە شوێنی من یاریی بکات".
 
رافینیا دەڵێ، "ڤیدیۆیەکم هەیە کاتێک دادەنیشم لەیارییەکەی مانچێستەر یونایتد، بەتووندی شەق لە کورسییەک هەڵدەدەم، ئەوکات من لە یارییەکەدا درەوشابوومەوە و گۆڵێک و ئەسیستێکم هەبوو، ئەنجامەکە یەکسانبوو 2 - 2 کەچی ئەو منی دانیشاند لە کاتێکدا پێش دانیشاندن هەلێکی زۆر مەترسیدارم دروستکردبوو، ئەوکات من زۆر ئارامبووم، بەڵام یەکەم یاریزان کە دانیشێنرا من بووم، بۆیە باوەڕم نەدەکرد بەوەی روودەدات".
 
هانزی فلیک رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە گۆڕینی کاروانی رافینیا و بووە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان لە وەرزی ئەمساڵدا، رافینیا باسی لایەنی مرۆیی ژیانی فلیک دەکات.
 
ئەو باسی رووداوێکی نێو مەشقەکانی بارسێلۆنا دەکات لەسەردەمی هانزی فلیک، لەبارەی ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی پێشووی یانەکە.
 
رافینیا دەڵێ، "هانزی زۆر بایەخ بەیاریزانان دەدات، کێ یارییدەکات و کێ یاریی ناکات، ئەو کارێکی کرد بەرامبەر ڤیتۆر رۆکی، من خۆم زۆر پێی سەرسام بووم".
 
روونیدەکاتەوە، "لە یەکێک لە مەشقەکانماندا ، ڤیتۆر زۆر ناڕەحەت بوو، بەردەوام باسی رۆیشتنی خۆی دەکرد، هەڵەی زۆری کرد لە مەشقەکاندا، دوای کۆتایی هاتنی بەشی یەکەمی مەشقەکان، دەستیپکرد بەگریان".
 
زیاتر دەڵێ، "راهێنەر بانگی کردم تاوەکو قسەکان وەربگێڕم، پاشان پرسی چی روویداوە؟ ڤیتۆر نەیتوانی قسە بکات، هانزی لێی پرسی ئەگەر دەیەوێت مەشقەکان بەجێبهێڵێت؟ ئەویش سەری راوەشاند، بۆیە هانزی گوتی هیچ کێشەیەکمان نییە، بڕۆ پشوو بدە".
 
هەروەها دەڵێ، "دوای ئەوە فلیک لەگەڵمان کۆبووەوە، هیچ سەرکۆنەی ڤیتۆری نەکرد، بەڵکو داوایکرد هەموومان ئاگامان لێی بێت و بایەخی پێبدەین، لەبەرئەوە وەکئەوە گوتی، ئەگەر هەمووان باش بن، هەلی سەرکەوتنی تیپەکە زیاتر دەبێت، دواتر بەمنی گوت پێی بڵێم ئەگەر دەیەوێت لە بارسێلۆنا بەردەوام بێت، دەتوانێت بمێنێتەوە".