بۆچی یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر لە ئێمباپێ رێز لە ڤینیسیۆس دەگرن؟

رووداو دیجیتاڵ 

 

کەناڵی  RMC نهێنی پشتگریی و یێزگرتنی یاریزانانی ریال مەدریدی بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی ئاشکرا کرد، کە زۆر زیاترە لەو رێز و نرخەی بۆ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی هەیانە.
 
لە ماوەی رابردوودا  داواکارییەک لە لایەن هاندەرانی ریال مەدریدەوە بڵاوکرایەوە کە داوای رۆیشتنی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکەن و زیاتر لە 11 ملیۆن کەس واژۆیان کۆکردەوە.
 
بەگوێرەی کەناڵەکە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەک سەرکردەیەک لە ناو ژووری جلگۆڕینی  یانەکەدا دەبینرێت، بەڵکو بە سەرکردەی سێیەمی راستەقینەی تیپەکە دادەنرێت لە دوای دانی کارڤاخال و فیدی ڤاڵڤێردی.
 
هەروەها ئەستێرە بەرازیلییەکە سەرکردایەتی ریال مەدریدی کردووە بۆ بەدەستهێنانی چەندین نازناو، لەوانە دوو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، و وەرزێکی نایابی لەگەڵ تیپەکەدا پێشکەش کردووە، جگە لەوەی نموونەیەکە لە کارکردن و دڵسۆزی و پابەندبوون، ئەمەش وایلێکردووە ببێتە جێگەی پشتگیری و خۆشەویستی هاوڕێکانی.
 
لە بەرامبەردا، کیلیان ئێمباپێ دووەم وەرزی خۆی لەگەڵ تیپەکە بەسەردەبات و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەرکردایەتی ریال مەدرید بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوە گەورەکان، سەرەڕای ئەوەی یەکەم گۆڵکاری تیپەکەیە، هەروەها هێشتا لە قۆناخی دروستکردنی پەیوەندییەکاندایە لەگەڵ هاوڕێکانی.
 
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێ باشە و هەردووکیان پشتگیریی یەکدی دەکەن و لێکتێگەیشتنێکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام جیاوازییەکە لە جۆری پەیوەندییان لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە و ئەو پشتگیرییەی کە هەرکامیان لە ناو ژووری جلگۆڕیندا وەریدەگرن.
 
هاوکات راپۆرتە رۆژنامەڤانییە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە کە جۆرێک لە ناڕەزایەتی یان تێنەگەیشتن لەلایەن بەشێک لە یاریزانانی ریال مەدریدەوە هەیە بەرامبەر گەشتە بەردەوامەکانی ئێمباپێ لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی بۆ دەرەوەی ئیسپانیا.
 
ئێمباپێ بە هاوڕێکانی لە ریال مەدرید گوتووە کە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تاوەکو بۆ یاریی  کلاسیکۆ ئامادەبێت کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر  بارسێلۆنا لە یاریگای  کامپ نو لە چوارچێوەی گەڕی 35ـی لالیگا ئەنجام بدرێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بەڵێن و پابەندبوونە پێچەوانەی دەرکەوتنی بووە لە دوایین رۆژەکانی پشووەکەیدا لە ئیتاڵیا. هەرچەندە یانەی شاهانە لە رۆژانی پشوودا ئازادی دەداتە یاریزانەکانی، بەڵام بەشێکی ژووری جلگۆڕیندا بە چاوێکی باش سەیری ئەم رەفتارانەی ئەستێرە فەرەنسییەکە ناکەن.