زاخۆ بەبێ دوو یاریزانی سەرەکی بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و چاوی لە هەڵکشانی زیاترە لە ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا.
 
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 20:00 یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی کەرخ و تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەفتی میسان بەدەستهێنا.
 
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە، تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ رووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە و نزیکەی سێ مانگە مووچەی یاریزانەکانیان نەدراوە، بەو هۆیەوە هەریەکە لە ئۆرینیۆ و جۆسێف ماوریسیۆ، لەگەڵ یانەکە گەشتیان نەکردووە و بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکەن.
 
ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ پێش ئەنجامدانی یارییەکە گوتی "ئەم یارییە بۆ تیپەکەمان گرنگە، بۆیە پێویستیمان بەبردنەوەی یارییەکە هەیە. یارییکردن بەرامبەر کەرخ زەحمەتە، چونکە ئەوان تیپێکی باشن، بەڵام ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ یارییەکە و پێویستە کار لەسەر خاڵە لاوازەکانی رکابەرەکەمان بکەین، لە هەمووان داواکراوە پابەندی پلانی دەستەی راهێنەران بن".
 
لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری یانەی زاخۆ دەڵێت "یارییەکە زەحمەت و گرنگە، بەڵام ئێمە ئامادەین. پێویستە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان، چونکە بردنەوە لە کەرخ وادەکا زیاتر بچینە پێشەوە".
 
یانەی زاخۆ ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 51 خاڵ، بەبردنەوەی یارییەکە خاڵەکانی لەگەڵ گەرمەی شەشەم یەکساندەکاتەوە و یارییەکی دواخراویشی ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە