پۆچێتینیۆ: نەمدەزانی چی لە مێسی، ئێمباپێ و نەیمار بکەم


رووداو دیجیتاڵ

ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ، راهێنەری پێشووی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، لەکاتی سەرپەرشتیکردنی یانە پاریسییەکە، دووچاری کێشە بووەتەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیانەی، لیۆنێل مێسی، نەیمار و کیلیان ئێمباپێ.
 
پۆچێتینیۆ ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکایە و خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال ئامادە دەکات. گرێبەستی ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە لەگەڵ هەڵبژاردەکە، لەدوای مۆندیال کۆتایی دێت.
 
ماوریسیۆ بۆ ماوەی تەنیا یەک وەرز مەشقدانی سانجێرمانی وەرگرت، لە وەرزی 2021 - 2022، ئەو تاکە وەرزە بەسبوو بۆ ئەوەی لە زەحمەتیی گونجاندنی سیانە هێرشبەرییەکەی تیپەکە تێبگات.
 
وەک ئەو راهێنەرە باسیکردووە، بابەتەکە پەیوەست بووە بە جیاوازیی کەسایەتیی و ستایلی یارییکردنی ئەو یاریزانانە.
 
پۆچێتینیۆ دەڵێ، "مێسی دەیویست لە پشتەوە هێرش بونیادبنێت بەئارامی و لە رێگەی پاساتی کورت و جێگا گۆڕینی نێوان یاریزانان، ئەو حەزی لەو ستایلەی یارییکردن بوو. چونکە ئەو توانای کۆنترۆڵکردنی تۆپ و بڕینی یاریزانێک و دووان و سیانی هەبوو، بەڵام ئەو ستایلە کێشەی بۆ دروستدەکردین، ئەگەر بمانویستایە یاریی بۆ ئێمباپێ بکەین. ئەوکات نەماندەتوانی یاریی بۆ مێسی بکەین".
 
پۆچەتینیۆ زیاتر دەڵێ، "لەلایەکی دیکەوە، ئێمباپێمان هەبوو، ئەو هەر کاتێک تۆپمان وەربگرتایەتە و ئامادەبووینایە بۆ هێرشبردن، بەدوای بۆشاییدا دەگەڕا. ئەو تەنیا پێویستی بەوە بوو تۆپەکەی بدەینێ و ئیدی رابکات".
 
"بەڵام کاتێک لەژێر سەرپەرشتی مێسیدا یارییمان دەکرد، ئێمابێ دەهات و دەیگوت، هێزی من لە راکردندایە، بەڵام بەو ستایلەی یارییکردن، ناتوانم رابکەم"، پۆچێتینیۆ وای گوتووە.
 
راهێنەرەکەی پێشووی سانجێرمان دەڵێ، نەیمار هیچ کێشەی نەبوو، ئەو "حەزی لە یارییکردن بەتۆپەوە هەبوو".
 
لە کۆتایی ئەو وەرزدا کە ماوریسیۆ راهێنەرایەتی سانجێرمانی کرد، یانەکە نازناوەکانی خول و جامی فەرەنسا و جامی پاڵەوانانی بردەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی شانزەدا، لەسەردەستی ریال مەدرید کرایە دەرەوە و لە کۆتایی وەرزەکەشدا، ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە دووخرایەوە.