لامین کەوتووەتە داوی کچێکی دیکەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەندێک سەرچاوەی میدیایی، لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە کەوتووەتەوە داوی خۆشەویستی و پەیوەندی لەگەڵ کچێکی دیکە داناوە.
لامین بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی بارسا دابڕاوە و پێشبینی دەکرێت ئەو پێکانە، لە یارییکردنەوە بۆ بارسێلۆنا، تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ بێبەشی بکات.
رۆژنامەنووسێکی ئیسپانی کە پێشتر یەکەم کەس بوو، هەواڵی جیابوونەوەی ئەو یاریزانەی لە نیکی نیکۆلی گۆرانیبێژی ئەرجەنتینی راگەیاند، ئاشکرایکردووە لامین کەوتووەتەوە داوی خۆشەویستییەوە.
لامینی تەمەن 18 ساڵ، کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ چەندین ئافرەتی جیاواز هەبوو، ئێستا لە قۆناخی سازانەوەی پێکانەکەیدایە و ئەو نوسیبووی کە ئەو "پێکانە، بووە هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە یاریگاکان، لە کاتێکدا من زۆر تینووی یارییکردنم و ئەوەش زۆر ئازارم دەدات. بەداخم کە ناتوانم لەپاڵ هاوڕێکانمدا بجەنگێم و هاوکارییان بکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی پێویستە".
ئەو هەروەها گوتبووی، "بڕوام بەهاوڕێکانم هەیە لەوەدا کە ئەوپەڕی توانای خۆیان خەرج دەکەن لە هەر یارییەکدا و منیش بەهێزتر دەگەڕێمەوە و ویستی سەرکەوتنم لە هەموو کات زیاتر دەبێت".
رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە دەڵێ، خۆشەویستە نوێیەکەی لامین، ئینیس گارسیایە کە کەسایەتییەکی دیاری سۆشیال میدیایە و خەڵکی سێڤییایە.
رۆژنامەنووسەکە کە ناوی گاڤی ئۆگۆسە، پسپۆری هەواڵی کەسایەتییەکانە و بڕواپێکراوە، ئەو دەڵێ، ئەو دووانەیە لە ماوەی رابردوودا لە چێشتخانەیەک بەناوی 'لاکوبۆلا گاراف' لە نزیک بارسێلۆنا و لەسەر کەناراوەکانی دەریای بلیاری بینراون.
قسەکانی ئۆگۆس بەباوەڕپێکراو دادەنرێت، لەبەرئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە پێشتر هەواڵی لەسەر ژیانی تایبەتی چەندین کەسایەتیی دیاری ئیسپانیا بڵاوکردووەتەوە و هەموو هەواڵەکانی راست دەرچوون.
سەرچاوەکان دەڵێن، پشتڕاستبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییە نوێیەکەی لامین، مانای وایە یەکەم پەیوەندیی فەرمیی ئەو یاریزانەیە لە دوای جیابوونەوە لە نیکی نیکۆل.