مۆرینیۆ بژاردەی یەکەمی ریال مەدریدە و مەرجەکانی بۆ پێرێز ئاشکرا دەبن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو بەردەوامە و سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی ناوی راهێنەری داهاتووی یانەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە جۆزێ مۆرینیۆ، دەگەڕێتەوە بۆ ریال مەدرید و وەرزی داهاتوو لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی یانەکە دەبێت.
خۆسی فیلیکس دیاز، رۆژنامەڤانی مارکایە و دەڵێت "ئەگەری گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو، بە رێژەی 90٪ـە، ئێستا یانەکە هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ راهێنەرەکانی دیکە نییە و مۆرینیۆ بژاردەی یەکەمی ریال مەدریدە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت".
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا هەموو رێگەکان لە ریال مەدرید بەرەو ئەوەن کە مۆرینیۆ ببێتەوە راهێنەری ریال مەدرید.
سەرچاوەیەکی دیکە باس لە وردەکارییەکانی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید دەکات و دەڵێت " جۆزێ مۆرینیۆ چەند مەرجێکی خستووەتە بەردەم فلۆرێنتینۆ پێرێز و بەمشێوەیەن؛ گرێبەستی راهێنەرەکە بۆ دوو ساڵ دەبێت، تەنیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە ناچارییەکاندا قسە لەگەڵ رۆژنامەڤانان دەکات، لێدوانەکانیشی تەنیا پەیوەست دەبن بە کاروباری وەرزشییەوە".
جگە لەوە داوای هەبوونی گوتەبێژێکی فەرمی دەکات، بۆ ئەوەی پرسەکانی دیکە لە ئەستۆ بگرێت، چونکە ئەزموونی یەکەمی زۆر ماندووی کردووە و دوای ئەوە هەستی کردووە لە ریال مەدرید ئەو تاکە کەسە کە بەرگری دەکات.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئەوەیە، دەیەوێت دەستەیەکی تەکنیکی تایبەت بە خۆی لەگەڵ بێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە پشت بە پینتۆس نابەستێت و لەبارەی بەردەوامبوونی ئەربێلواش لەگەڵ ستافەکە، ئەوە داواکاریی مۆرینیۆ نییە، بەڵام لاریی نابێت ئەگەر ئەلڤارۆ بەشێک بێت لە ستافەکە.