ئەمشەو جیهان بینەری شانۆیەکی دیکەی بایرن و پاریس سانجێرمان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەکان بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر یاریگای ئالیانز ئارێنا دەبن لە میونشن، کاتێک هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریی چووندا هەردوو یانە پێشکێشیانکرد و 9 گۆڵ تۆمارکران، چاوەڕوانییەکان بۆ ئەم یارییە لە ئاستێکی بەرزدان.
 
لە یاریی چووندا پاریس سانجێرمان بە پێنج گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەوان هەنگاوێکی بچووک لە پێش رکابەرەکەیانن بۆ ئەوەی بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئێنریکێ دەڵێت "ئەنجامی یاریی چوون هیچ لە یاریی گەڕانەوە ناگۆڕێت و پێویستە کۆنتڕۆڵی هەستەکانمان بکەین لە یارییەکەدا".
 
رۆژی سێشەممە هەردوو تیپ دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، لە ریزەکانی یانەی بایرن میونشنی میوانداری یارییەکە، سێرج گنابری، پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، جگە لەو یاریزانە سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن.
 
لە یانەی پاریس سانجێرمان، ئەشرەف حەکیمی، یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تیپەکە پێکانی هەیە و بەشداری لە یاریی لووتکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ ناکات، بەپێی پێشبینییەکان ئەمشەو بەناچاری زایر ئێمری لە شوێنی ئەو دەبێت لە باڵی راستی بەرگریدا.
 
بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان، مێژووییەکی دووریان بەیەکەوە هەیە، یەکەمجار لە وەرزی 1994-1995 بەرامبەر یەکدی یارییانکرد و لە یەکەم رووبەڕوبوونەوەیاندا لە چامپیۆنزلیگ پاریس سانجێرمان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو تیپ 17 یارییان ئەنجامداوە، باڤارییەکان خاوەنی 9 بردنەوەن و پاریس سانجێرمان 8 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، هەردوو تیپ هیچ یارییەکیان بەیەکسانبوون تەواو نەبووە، بایرن میونشن 25 گۆڵی تۆمارکردووە و پاریسییەکان 23 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
براوەی یارییەکەی ئەمشەو دەگاتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی رۆژی 30ـی ئەم مانگە لە یاریگای پۆشکاش ئارێنا لە بوداپێست رووبەڕووی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەبێتەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ.