یانەی زەمالیک بەتووندی لە دژی بین سپۆرت وەستایەوە
رووداو - هەولێر
یانەی زەمالیکی میسری رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک رێگە بەکەناڵی بین سپۆرتی قەتەری نادات رۆماڵی یاری و چالاکییەکانی ئەو یانەیە بکات.
مورتەزا مەنسوور، سەرۆکی یانەی زەمالیکی میسری رایگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بەکەناڵی بین سپۆرت نادەن یارییەکانی ئەوان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا بگوازێتەوە، لەکاتێکدا کەناڵەکە گرێبەستی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقی هەیە بۆ رۆماڵکردنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
مورتەزا داوای لە گەلی میسر کردووە کەناڵی بین سپۆرت بەلاوە بنێن و لە رێگەی رادیۆیەوە ئاگاداری یاریی نێوان میسر و تونس بن لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2018.
دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرەین، کەناڵی بین سپۆرت زیانێکی زۆری بەرکەوتوو و بەشێکی زۆری کۆمێنتار و شرۆڤەکارانی کەناڵەکە وازیان لە کارەکانیان هێنا و بەشێکیشیان گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندرایەوە.