ڤیدیۆ راپۆرت؛ مێسی و تانگۆ لە ئامانجی بردنەوەی پلەی یەکەمەوە بۆ سێیەم


رووداو - هەولێر

دوو هەڵبژاردەی یاری کۆتایی دوایین دوو پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا، بەڵام ئەمجارە بۆ بردنەوەی نازناو نا، بەڵکو بۆ دیارییکردنی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، ئەرجەنتین و چیلی.

کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ئارێنا کۆرێنچاینز تانگۆ و لارۆخا، یاریی کۆتایی دوو کۆپا ئەمریکای رابردوو سێ بارە دەکەنەوە، بەڵام ئەمجارە ئامانجەکە جیاوازە بۆ بردنەوەی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە دەبێت و هەردوولاش چاویان لەوەیە بەر لەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیا دڵخۆش ببن.

دوای ئەوەی لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر بەرازیلی میواندار دۆڕا، جارێکی دیکە بەدیهاتنی خەونی مێسی بۆ بردنەوەی نازناوێک لەگەڵ هەڵبژاردەکەی دواکەوت، بۆیە ئەمشەو ئەگەر هیچ نەبێت نایەوێت پلەی سێیەمی لەدەستبچێت.

لەبەرامبەردا چیلی، ئەو هەڵبژاردەیەی لە دوو کۆپا ئەمریکای رابردوو بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و دوو نازناوی لەسەریەکی بردەوە، ئەمساڵ بە ئۆمێدی بردنەوەی سێیەم نازناوی لەسەریەک و یەکسانکردنەوەی ریکۆردی ئەرجەنتین هاتە بەرازیل، وەلێ لە بێ ئاگایی و حیساب نەکردن بۆ هەڵبژاردەکە، پێرو بەئەنجامێکی گەورە لارۆخای لە قۆناخی پێشکۆتاییدا کردە دەرەوە و کۆتایی بەباڵا دەستی هەڵبژاردەکە لەسەر تۆپی پێی ئەمریکای باشوور هێنا.

لە دوایین دوو یاریی نێوانیاندا ئەرجەنتین سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی چیلی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ یەکێکیان هێندەی لەدەستدانی دوو نازناوی کۆپا ئەمریکای رابردوو لەسەر دەستی ئەو هەڵبژاردەیە بۆ مێسی و هاوڕێکانی گرنگ نەبووە، بۆیە ئەمشەو وڵاتی زیو دەیەوێت تۆڵە لە چیلی بکاتەوە و بە میدالیای بڕۆنزی کۆپا ئەمریکاوە بگەڕێتەوە بۆینس ئایرس.