رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی گورزێکی گەورەی بەرکەوت، دوای ئەوەی جەمال موسیالا، ئەستێرەی لاوی یانەکە، تووشی پێکانێکی قورس بوو لە ئەژنۆیدا و بەهۆیەوە چەندین مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
ئەستێرە ئەڵمانییەکە، بڕیارە درێسی ژمارە 10ـی یانەکە وەربگرێت دوای ئەوەی لیرۆی سانێی هاوتیپی لە یانە باڤارییەکە رۆیشت.
موسیالا لە یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان لە ئەمریکا بەرامبەر پاریس سانجێرمان تووشی پێکان بوو.
لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا، موسیالا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی تۆپێکدا لەگەڵ جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی یانە پاریسییەکە، قاچی چەپی لەژێر جەستەی گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکەدا گیری خوارد و بەهۆیەوە بە ئازارێکی زۆرەوە لە یاریگادا کەوت و راستەوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، پشکنینەکان دەریانخستووە کە موسیالا تووشی شکانی ئێسکی تەڵەزمی قاچی چەپی بووە و "زیان بە چەند بەستەرێکی گەیشتووە". هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە یاریزانە 22 ساڵەکە "پێدەچێت بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج مانگ" لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
کریستۆف فرۆیند، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایرن میونشن، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بەداخەوە دۆخەکە باش دیار نییە".
هاوکات، ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانە باڤارییەکە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێکانەکە نیشاندا و گوتی: "هیوادارم پێکانەکەی ئەوەندە خراپ نەبێت کە دیارە و بەسەلامەتی تێیپەڕێنێت."
پێکانەکەی موسیالا لە کاتێکدایە کە بایرن میونشن یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 بە پاریس سانجێرمان دۆڕاند و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
بڕیارە یانەکە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی بۆندسلیگا (2025-2026).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ