هیلال بڕیار دەدات.. پشت لە هاندەرانی ناکات و یاریزانێک بە تووندی سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هەنگاوێکی نوێی چاوەڕوانکراویان لەلایەن یانەی هیلالەوە ئاشکرا کرد سەبارەت بە مالکۆمی بەرازیلی، یاریزانی یانەکە، دوای ئەو رووداوەی کە لە کۆتایی یارییەکەیان بەرامبەر فلۆمینێنسی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامی دا.
هیلال لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا ماڵئاوایی کرد، دوای ئەوەی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانەی فلومینێنسی بەرازیلی دۆڕا.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە مالکۆم بە شێوەیەکی ناشایستە دەمەقاڵێی لەگەڵ یەکێک لە هاندەرانی یانەی هیلال کرد، مالکۆم بە کۆمەڵێک وشەی ناشایستە و بە زمانی عەرەبی جنێوی بە هاندەرەکەی یانەی هیلال دا، ئەمەش دیاردەیەکی نامۆ بوو کە پێشتر یاریگاکان شتی وایان بەخۆوە نەبینیبوو.
رووداوەکە کاردانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەنێو هاندەرانی یانەی هیلالدا بەهۆی ئەو ڕەفتارە سەیرەی کە بەرامبەر هاندەرێکی یانەکە ئەنجامی دا بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەران داوای سزادانی یاریزانەکەیان کرد بە سزایەکی توند.
راپۆرتە رۆژنامەڤانی و تەلەفزیۆنییەکان ئاشکرایان کردووە کە کارگێڕیی یانەی هیلال بڕیاری داوە مالکۆم بە توندی سزا بدات بەهۆی ئەو رەفتارە شەرمهێنەرانەی کە بەرامبەر هاندەرێکی یانەکە لە یاریگای "کامپینگ وۆرڵد" ئەنجامی دا.
میدیای سعودی روونی کردەوە کە کارگێڕیی یانەی هیلال سزایەکی توند بەسەر یاریزانە بەڕازیلییەکەدا دەسەپێنێت، چونکە رێگە نادات ئەم جۆرە رەفتارانە کە زیان بە ناوبانگی یانەکە دەگەیەنن، بە ئاسانی تێپەڕن.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سزاکانی تایبەت بە مالکۆم رابگەیەندرێن، دوای ئەوەی بە تەواوی لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکرێت.
مالکۆم یەکێکە لەو یاریزانانەی چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە ریزەکانی یانەی هیلال بڕوات، لەکاتێکدا یانەکە دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات.