یانەیەکی مەکسیکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زیدان کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و زەینەدین زیدانی راهێنەری پێشووی لە ریال مەدرید، شەپۆلێک لە کاردانەوە و پرسیاری زۆریان دروستکرد، دوای ئەوەی ناویان وەک دوو هاوتیمی نوێ لە یانەیەکی مەکسیکیدا بڵاوبووەوە.
 
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە کاردانەوە دوای دەرکەوتنی ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زینەدین زیدان لە لیستی یانەی ناسراوی مەکسیکی، چیڤاس گۆدالاهارا، بەڵام بابەتەکە تەنیا لێکچوونێکی جوانی ناوەکان بوو کە دوو ئەفسانەکەی ریال مەدریدی لە یەک تیپدا کۆکردووەتەوە.
 
تەنیا یانەی ریال مەدرید سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی رۆناڵدۆ و زیدان، بەڵام یەکێکیان لەسەر چوارگۆشەی سەوز و ئەوی دیکەیان وەک راهێنەر لەسەر کورسی یەدەگ. بەڵام یانەی چیڤاس گۆدالاهارا تۆمارکردنی دوو یاریزانی نوێی راگەیاند کە هەڵگری ناوی رۆناڵدۆ و زیدانن.
 
لە سەرەتادا هەواڵەکە وا دەرکەوت کە راستییە و پەیوەندی بە رۆناڵدۆی راستەقینە و زیدانی راهێنەری پێشووی ریال مەدریدەوە هەیە، بەڵام دەرکەوت کە بابەتەکە پەیوەستە بە دوو یاریزانی گەنجەوە کە هەڵگری ناوی دوو ئەفسانەکەی ریال مەدریدن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زینەدین زیدان.
 
یانەی چیڤاس ئەو دوو یاریزانەی لە لیستی یاریزانە نوێیەکانیدا بۆ وەرزی نوێ تۆمارکرد، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو هاندەراندا دروست کرد.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆخاس ڤیداڵی تەمەن 16 ساڵ و زینەدین زیدان 'سیدان' هێرناندێز کیزادای تەمەن 18 ساڵ، پەیوەندییان بە پێکهاتەی یانە مەکسیکییەکەوە کردووە.
 
ئەوەی لە یانەی گۆدالاهارا جێی سەرنجە ئەوەیە کە تیپەکە وەرزی رابردووش دوو یاریزانی دیکەی لەخۆگرتبوو کە هەڵگری ناوی دوو ئەستێرەی گەورەی ئەفسانەیی یانە شاهانەکەن، ئەوانیش رۆبێرتۆ کارلۆس ئەلڤارادۆ هێرناندێز و ئانخێل رۆبینیۆ رۆمێرۆ کوینتێرۆن.
 
گابریێل میلیتۆی بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنا  راهێنەری یانەی چیڤاس گۆدالاهارایە، کە چوار ساڵی لە یانە کەتەلۆنییەکەدا بەسەربرد لە نێوان ساڵانی 2007 و 2011، و بەشێک بوو لەو تیپەی پێپ گواردیۆلا کە لە پساڵی 2011 سێ نازناوی بەدەستهێنا.
 
باوکی زینەدین زیدان سەبارەت بەناونانی کوڕەکەی بە زیدان گوتی "ئەمە رێزلێنانێکی راستەقینەیە بۆ زینەدین زیدان. من لە مەکسیک یاری تۆپی پێم کردووە و هەمیشە سەرسام بووم بە فەرەنسا و بەرازیل. ئەو یاریزانێک بوو کە کاریگەریی لەسەرم جێهێشت، بۆیە ناوی کوڕەکەمم بە ناوی ئەوەوە نا". 
 
سەبارەت بەوەی بۆچی پیتی S لەبری Z هەڵبژاردووە، و لەجیاتی زیدان دەنووسرێت سیدان؟ باوکی ئەو یاریزانە گوتی "لەپشت ئەمەوە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە کاتی ناو تۆمارکردنی لە مەکسیک، فەرمانبەرەکە لە نووسینی ناوەکەدا هەڵەی کرد".
 
یانەی چیڤاس گۆدالاهارا هیوادارە کە هەردوو یاریزانە گەنجەکە ئاستێکی باش پێشکێش بکەن، بەبێ ئەوەی گوشاری ئەو دوو ناو قورسە کاریگەریان لەسەربێت.