ڤیدیۆ؛ باسم قاسم بۆ رووداو: هەرگیز داوای 7 ملیار دینارم نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یانەی هەولێر ئەمڕۆ لەسەر قەڵا باسم قاسمی وەک راهێنەری نوێی یانەکە ناساند، ئەو دڵخۆشیی خۆی بە وەرگرتنی ئەوە پۆستە راگەیاند و دواتر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی گوت "من هاتووم یانەی هەولێر بگەڕێنمەوە دۆخی باشی جارانی"، هەروەها رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک داوای 7 ملیار دیناری لە یانەکە کردبێت.
باسم قاسم، راهێنەری بەنێوبانگی عێراقی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، گوتی "بێگومان ئەم ئامادەبوونە گەورەیەی جەماوەری بەرپرسیاریەتی من گەورەتر دەکات. بەڕاستی زۆر سوپاسی سەرۆکی دەستەی کارگێڕی، برام دکتۆر سەفین دەکەم، هەروەها برایان لە دەستەی کارگێڕی. بێگومان واژۆکردنی گرێبەستەکە و ئەنجامدانی کۆنگرەی ناساندن بەمشێوەیە زۆر دڵخۆشم دەکات و لە هەمانکاتدا بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆم".
ئەو زیاتر گوتی "هەموومان یارمەتی یەکدی دەدەین، کارگێڕی، هاندەران و یاریزانان، هەولێر دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوە دۆخە باشەی جارانی. پشتیوان بەخوا ئێمە زەحمەتییەکان تێدەپەڕێنین، لەڕێگەی ئەم هاندەرانەوە".
راهێنەری نوێی یانەی هەولێر لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە ئایا مەرجی ئەو بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری یانەی هەولێر دابینکردنی 7 ملیار دینار بووە؟ ئەو گوتی "هەرگیز شتی وانییە و من داوای 7 ملیار دینارم نەکردووە، سەرۆکی یانەش دەزانێت کە من مەرجی وام نەبووە، رێزێکی زۆرم هەیە، بەڵام من هەرگیز ئەو مەرجەم نەبووە، یان چوار یان پێنچ، هەرگیز ئەو مەرجەم نەبووە. سەیر بکەن ئەمڕۆ من هاتووم بۆ ئەوەی بناسێنرێم، من رێزێکی زۆرم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە هەیە".
باسم قاسم زیاتر گوتی "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و لەگەڵ هەمووان هەیە و تەنیا دەمانەوێت ئەوەی لەسەرمانە بیکەین و یانەکەمان لە پێنچ یان شەش یانەی یەکەم بێت، بەڵام هەرگیز باسی پرسە داراییەکان و ملیار و چیم نەکردووە، دەتوانن بۆ دڵنیابوونەوە بگەڕێنەوە لای کارگێڕانی یانەکە".
پڕۆفایل:
باسم قاسم سامەڕایی
ساڵی 1963 لەدایکبووە
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراقە
نزیکەی 30 ساڵە راهێنەرایەتی دەکات
شێوازی دڵخوازی یارییکردنی 4-3-3
وەرزی رابردوو لە تەڵەبە بوو
391 رۆژ لە تەڵەبە بوو
40 یاری
19 بردنەوە
9 یەکسانبوون
12 دۆڕان
29 یاریزانی بەکارهێناوە
دەستکەوتەکانی:
خولی عێراق لەگەڵ دهۆک 2009-2010
خولی عێراق لەگەڵ زەورا 2015-2016
خولی عێراق لەگەڵ جەوییە 2016-2017
جامی یەکێتی ئاسیا لەگەڵ جەوییە 2016
جامی یەکێتی ئاسیا لەگەڵ جەوییە 2018