گواردیۆلا هاندەرانی ریال مەدرید بێهیوا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بێهیوا دەکات و هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بەستنەوەی هالاند بە ریال مەدریدەوە دەکەن.
گواردیۆلا لە دوای بردنەوەیان لە کۆپێنهاگن بە 5-0، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی مەرجێک لە گرێبەستی ئێرلینگ هالانددا دەکەن لە ئەگەری داواکردنی لەلایەن ریال مەدریدەوە گوتی " ئەوەی دەگوترێت راست نییە، هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستی یاریزانەکەدا نییە، نە بۆ ریال مەدرید و هیچ یانەیەکی دیکەش."
پێپ زیاتر قسەیکرد و گوتی " دەنگۆ هەیە و خەڵکیش قسەدەکات، ئێمە ناتوانین ئەمە کۆنتڕۆڵ بکەین، من هەمیشە خەمی ئەو شتانەم هەیە کە دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین."
راهێنەری مانچێستەر سیتی دەڵێت " هالاند لە یانەکە ئاسوودەیە و هەست بەدڵخۆشی دەکات لە مانچێستەر سیتی، گرنگترین شت ئەوەیە کە بەشێوەیەکی زۆرباش دەردەکەوێت، هەست بە خۆشی دەکات، ئێمەش لەگەڵ ئەو کەسە دەبین کە بە مانەوەی دڵخۆشە."
لە کۆتایی قسەکانیدا گواردیۆلا گوتی " لە داهاتوودا کەس نازانێت چی روودەدات، بەڵام هالاند دڵخۆشە، بەشێوەیەکی نایاب جێگیرە، ئەو زۆر خۆشەویستە و ئەمە گرنگترین شتە."
ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، لە یاریی شەوی چوارشەممەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەشێوەیەکی گشتی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە 11 یارییدا 19 گۆڵی تۆمارکردووە.