عێراق بە چەند یاریزانێکی کوردەوە چووە سعودیە و دەیەوێت بگاتە مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی یەکلاکەرەوە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و چەند یاریزانێکی کورد لەگەڵ هەڵبژاردەکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی هەڵبژاردەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و چاوەڕواندەکرێت هەر ئەمڕۆ هەڵبژاردەکە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکان دەستپێبکات.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا و سعودیە چەند یاریزانێکی کورد بانگهێشتکراون، لەوانەش شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید، یاریزانانی یانەی زاخۆ، ئاکام هاشم، یاریزانی یانەی زەورا، یوسف ئەمین، یاریزانی یانەی ئایک لارناکای قوبرسی، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، مارکۆ فەرەج، یاریزانی یانەی ستڕۆمسگۆدسێتی نەرویجی.
بەشێکی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەکە یاری دەکەن، راستەوخۆ لە وڵاتەکانیانەوە چوونەتە سعودیە و بەر لە گەیشتنی شاندەکە گەیشتوون.
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر ئیندۆنیزیا یاری دەکات و یارییەکە کاژێر 22:30 بەڕێوەدەچێت، رۆژی سێشەممەی داهاتووش لە یارییەکی دیکەدا بەرامبەر سعودیە یاری دەکات، ئەو یارییە بڕیاربوو کاژێر 22:30 بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ کاتەکەی گۆڕدرا و کرایە 21:45.
پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، بە دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، لە هەر کۆمەڵەیەک سێ هەڵبژاردە رکابەریی یەکدی دەکەن، یەکەمی هەردوو کۆمەڵە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026، دووەمی هەردوو کۆمەڵە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەکەیان یارییەکی دیکەی پاشکۆ ئەنجامدەدات، بەمشێوەیە سەرکەوتووەکانی کیشوەری ئاسیا بەتەواوی بۆ مۆندیال یەکلادەکرێنەوە.