بارسێلۆنا لە ئەرکێکی زەحمەتدا دەیەوێت پێشەنگ بپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال بێتیس دەیەوێت بردنەوەکانی یانەی بارسێلۆنا رابگرێت و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی لالیگا نزیک ببێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئیسپانیا، کاژێر 20:30 یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال بێتیس یارییەکی زەحمەتی دەبێت، بۆ درێژەدان بە بردنەوەکانی و بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
بارسا لە گەڕی رابردوودا لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە و ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رکابەریی بێتیس دەکات بۆ مانەوە لە پلەی یەکەم، بەتایبەت کە جیاوازییەکەیان لەگەڵ ریال مەدرید تەنیا یەک خاڵە.
ریال بێتیس لە 8 یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە لالیگادا تیپەکە لە 14 یارییدا تەنیا دوو جار دۆڕاوە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
لە دوایین 9 یارییدا بارسا هیچ یارییەکی بەرامبەر ریال بێتیس نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2021 بوو کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.