عێراق رووبەڕووی سودان دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق دووەم یاریی لە رکابەرییەکانی جامی عەرەبدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، کاژێر19:00 هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی 974 دووەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی سودان دەبێتەوە، لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە عێراق بە ئەگەری زۆرەوە دەگاتە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە.
 
لە گەڕی یەکەمدا، هەڵبژاردەی عێراق بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین بەدەستهێناوە، سودان بەرامبەر جەزائیر بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، سەرەڕای ئەوەی یارییەکەیان بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
عێراق بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە قۆناخی هەشت و سودانیش بۆ پاراستنی هیواکانی بەرەو قۆناخی داهاتوو رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
سودان بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریی بەرامبەر جەزائیر پێشکێشیکرد، سەرنجی هەمووانی بەلایە خۆیدا راکێشا و دەیەوێت بەرامبەر عێراق بەهەمان ئاستەوە دەربکەوێت و یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆماربکات.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، دوو یاریزانی کورد یاریی دەکەن، ئاکام هاشم، بەرگریکاری یانەی زەورا لە یاریی رابردوودا بەشێوەی سەرەکی یارییکرد و شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی زاخۆ لە یاریی رابردوودا بەشێوەی یەدەگ چووە نێو یاریگە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆش هەردوو یاریزانە کوردەکە یاری بکەن.