ئونداڤ و هاری کەین رووبەڕووی یەکدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 13ـی بوندێسلیگا دەکرێن و یاریی لووتکە لەنێوان دێنیز ئونداڤی کوردان و هاری کەین دەبێت، بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکانیان بکەن بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
یاریی نێوان هەردوو یانەی شتوتگارت و بایرن میونشن لە دەستپێکی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە کاژێر 17:30 لە یاریگەی شتوتگارت دەکرێت، دێنیز ئونداڤ، دەیەوێت درێژە بە ئاستە بەرزەکەی بدات و هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
ئونداڤ بە کاتێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت و ئێستا ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیەتی، لە یاریی رابردوویاندا لە جامی ئەڵمانیا تیپەکەی گەیاندە قۆناخی هەشت و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا.
بەر لەم یارییە شتوتگارت لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 22 خاڵە، یانەی بایرن میونشن لە پلەی یەکەمی ریزبەندە و تاوەکو ئێستا لە 12 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی یانەی شتوتگارت، لە دوایین 6 یاریی یانەکەیدا بەشداریی لە 10 گۆڵدا کردووە، 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئاسیستی کردووە، ئەمڕۆ دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە ببەنەوە.
هاری کەین، گۆڵکاری ئەم وەرزەی بوندێسلیگایە و خاوەنی 14 گۆڵە و دەیەوێت ژمارەی گۆڵەکانی بەرزتر بکاتەوە و هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە و بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەم.