مێسی و مولەر یارییەکی مێژوویی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی خولی ئەمریکا دەکرێت، ئینتەرمەیامی و ڤانکۆڤەر رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن و جارێکی دیکە لیۆنێل مێسی و تۆماس مولەر، بە یادی رووبەڕووبوونەوەکانیان لە بارسێلۆنا و بایرن میونشن رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
هەردوو تیپ رۆژی هەینی دوایین مەشقەکانیان بۆ ئەم یارییە گرنگە ئەنجامدا و ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەرنجڕاکێش، بۆ هاندەرانی تۆپی پێش لەسەر ئاستی کوردستان کاتەکەی زۆر گونجاوە و چاوەڕواندەکرێت یارییەکە ملیۆنان بینەری لەسەر ئاستی جیهان هەبێت.
 
یارییەکە کاژێر 22:30 لە یاریگەی ئینتەرمەیامی لە فلۆریدا بەڕێوەدەچێت و 21 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگەدا سەیری یارییەکە بکەن. 
 
ئینتەرمەیامی لە قۆناخی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر نیویۆرک سیتی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی بەشی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا و گەیشتە ئەم یارییە.
 
یانەی ڤانکۆڤەر سەرکەوتنی بەرامبەر سان دیێگۆ بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی بەشی رۆژئاوای خولەکە و گەیشتە یاریی کۆتایی خولەکە.
 
بەشێوەیەکی گشتی پێشتر مێسی 10 یاریی بەرامبەر تۆماس مولەر ئەنجامداوە، تەنیا 3 یاریی لە یاریزانە ئەڵمانییەکە بردووەتەوە و 7 یاریی بەرامبەر مولەر دۆڕاندووە، دوو لە بردنەوەکانی مێسی لە یارییە دۆستانەکاندا بووە.
 
دیارترین لەو یارییانەی مولەر لە مێسیی بردووەتەوە، مۆندیالی 2014 لەگەڵ ئەڵمانیا و 8-2 لە چامپیۆنزلیگی 2019-2020 بە درێسی بایرن میونشنەوە بەرامبەر بارسێلۆنا.