ڤیدیۆ؛ سەنیگال بووە یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەفریقا

 

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی سەنیگال بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی جامی ئەفریقای بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە هەڵبژاردەی میسری بردەوە.

محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانێ، دوو هاوڕێ لە لیڤەرپوول بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لەسەر یاریگەی پاوڵ بیا لە شاری یاوندی پایتەختی کامیرۆن رووبەڕووی یەکبوونەوە، دوای 120 خولەک یارییکردن سەنیگال بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 4-2 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
دوای تەنیا 7 خولەک یارییکردن ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ سەنیگال هەژمارکرد، سادیۆ مانێ هەلێکی زێڕینی لەدەستدا و ئەبو جەبەل رێگەی نەدا تۆڕی میسر بهەژێندرێت و گۆڵەکەی پاراست.
 
محەممەد سەڵاح بەلێدانێکی بەهێز هەوڵیدا گۆڵ تۆماربکات، بەڵام ئیدوارد مێندی گۆڵەکەی پاراست و تۆپەکەی دوورخستەوە.
 
سەنیگال چەندجارێک نزیکبوو گۆڵ تۆماربکات، بەڵام بەرگری و گۆڵپارێزی میسر رێگریی کرد و دوای 120 خولەک یارییکردن و گۆڕینی چەندین هێرش لەلایەن یاریزانانی هەردوولاوە، یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.
 
لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا سەنیگال 4-2 یارییەکەی بردەوە و دوای سێجار گەیشتنی بە یاریی کۆتایی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوان و سادیۆ مانێ یەکەم دەستکەوتی لە مێژووی یارییکردنیدا لەگەڵ وڵاتەکەی بردەوە.

 

 
دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە، ئیدوارد مێندی، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سەنیگال وەک باشترین گۆڵپارێزی جامی ئەفریقا دەستنیشانکرا، ڤینسێنت ئەبوبەکر، هێرشبەری هەڵبژاردەی کامیرۆن بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە و سادیۆ مانێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سەنیگالیش وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا.
 
لە یاریی کۆتاییدا پاوڵ بیا، سەرۆکی کامیرۆن، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، پاتریس مۆتسیپێ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا و چەند کەسایەتی وەرزشی دیکە لەسەر ئاستی جیهان و ئەفریقا ئامادەبوون.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە ئالیو سیسێ، راهێنەری سەنیگال لە ژووری کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد، لە پڕێکدا یاریزانەکانی خۆیان کرد بە ژوورەوە و هەرچیان لە ئاو و شامپانیایە بەردەستیان کەوت بەسەری راهێنەرەکەیاندا کرد و بەیەکەوە ئاهەنگیان گێڕا.
 
 
 
هەزاران هاندەری هەڵبژاردەی سەنیگال لە داکاری پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بینەری پاڵەوانبوونی هەڵبژاردەکەیان بن، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و بەدەستهێنانی نازناوەکە رژانە سەر شەقامەکان و تاوەکو درەنگانی شەو ئاهەنگیان بەو بۆنەیەوە گێڕا.