ئامەدسپۆر دەیەوێت لە ئیستەنبوڵ بەبردنەوە وەڵامی سزادانی کاپتنەکەی بداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر لە ئیستەنبوڵە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بەهێزتر بکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی پێندیک یاریی دەکات و تیپەکەی باکووری کوردستان پێویستی بە سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات.
ئامەدسپۆر لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەی بە 7 گۆڵی بێبەرامبەر لە ئەدەنەدەمیر سپۆری بردەوە.
دوای ئەو یارییە چەند گۆڕانکارییەک لە یانەی ئامەدسپۆردا روویانداوە، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئاتاکان موژدە، یاریزانی یانەی قاسم پاشا، جەم ئوستونداگ، یاریزانی هەمان یانە و دیلهان دەمیر یاریزانی یانەی گەنجلەربیرلیگی واژۆکرد و ئەندرێ پۆکۆ و ڤیسێل ساپان، گۆڵپارێزی یانەکەش بەشێوەی خواستن یانەکەیان بەجێهێشت.
جگە لەوە بەر لەم یارییە لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، تەنیا بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوودا قژی کردووەتە کەزی، چەکدار ئورهان، کاپتنی یانەی ئامەدسپۆری بۆ پێنج یاریی راگرت.
ئامەدسپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 46 خاڵ، یانەی پێندیک 39 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندە.