زنجیرەیەکی نوێ لە درامای کێشەکانی نێوان ئێمباپێ و سانجێرمان دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ بڕیاریداوە درێژە بە هێرشکردنە سەر یانەی پاریس سانجێرمان بدات و پێداگرە لەسەر وەرگرتنی مافەکانی. لە دوایین پێشهاتدا نووسراوێکی نوێی بۆ یانەکە ناردووە و داوای نزیکەی 6 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، ئێمباپی، پەڕاوێکی دادگای بۆ یانەی پاریس سانجێرمان ناردووە کە تێیدا داوای 5.9 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکە دەکات، لە کاتێکدا هێشتا یانەکە ئەو پارەیەی نەداوە کە پەیوەندی بە شایستە داراییەکانی ئەوەوە هەیە لە یانەکە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هەنگاوەکەی کیلیان بەشێکی دیکەیە لە جەنگە یاساییەکەی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرامبەر یانەکەی پێشووی کە تێیدا داوای کۆی 55 ملیۆن یۆرۆ دەکات، وەک مووچە و پاداشتی نەدراو لە ماوەی دوو ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە.
 
پێشتر، ئەنجوومەنی دادوەریی فەرەنسا لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا، بڕیارێکی دەرکرد بەناچارکردنی یانەی پاریس سانجیرمان بەدانی بڕی 60.9 ملیۆن یۆرۆ بە ئێمباپێ، بەڵام یانەکە تاوەکو ئێستا هیچ پابەندییەکی بەبڕیارەکە پێشان نەداوە و پارەکەی نەداوە. 
 
پاریس سانجێرمان لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنەکەدا، تاوەکو ئێستا، تەنیا بڕی 5 ملیۆن یۆرۆی داوە.
 
کارگێڕیی سانجێرمان، دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنەکە، رایگەیاند مامەڵەی "نیازپاکانە" لەگەڵ بڕیارەکە دەکات، بەڵام هیچ نیازپاکییەکی پێشان نەداوە، جیا لەوەش دەبوو دەقی بڕیاری ئەنجوومەنەکە لە ماڵپەری خۆیدا بڵاوبکاتەوە، ئەوەشی نەکردووە.
 
سانجێرمان تاوەکو 19ی ئەم مانگەی لەبەردەستە بۆ داوای تێهەڵچوونەوەی فەرمی، دوای ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنەکە دەبێتە زۆرەملێ.
 
'لیکیپ' دەڵێ، ئەگەر دۆخەکە لە هەشت رۆژی داهاتوودا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، پارێزەرەکانی کیلیان پەنا بۆ رێوشوێنێکی تووندتر ببەن، لەنێویدا سڕکردنی کاتیی بڕی 5 ملیۆن یۆرۆ لە ئەژمارە بانکییەکانی یانەکە، تاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگا.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، دۆخی سانجێرمان لە دۆسێیەکەدا بەلاواز ناودەبەن، بەتایبەت پاشئەوەی دەستەی لیگ ئای فەرەنسا و چەند دادگایەکی جیاواز، لەسەرهەقبوونی ئێمباپێیان لە دۆسێیەکەدا دووپاتکردەوە.
 
لە بەرامبەردا، ئەو یاریزانە و تیمی پارێزەرەکانی هیچ ویستێک بۆ پەنابردنە بەر میانگیری پێشان نادەن و سوورن لەسەرئەوەی تەواوی ئەو پارەیە لە یانەکە وەربگرن کە داوای دەکەن.
 
ئێمباپێ، هاوینی 2024 لەدوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بەخۆڕایی روویکردە ریال مەدرید و یانەکەش لە بەرامبەردا، بڕیاریداوە مووچە و شایستە داراییەکانی دوایین دوو ساڵی ئەو یاریزانە لە یانەکە نەدات.