شۆڕشەکەی پێرێز لە هاویندا، زیدان و دوو ناوەڕاستکار لەخۆ دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیاریداوە هاوینی داهاتوو جارێکی دیکە گۆڕانکاریی گەورە بکات، بۆ هەڵسانەوەی تیپەکەی، پاش وەرزی خراپی ئەمساڵ.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەربێلوا تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ لە مەشقدانی تیپەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام هاوینی داهاتوو، هاوینی گۆڕانکاریی گەورە دەبێت لە یانەکەدا.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی هەندێک بڕیاری نهێنیی کارگێڕیی یانەکەیان دزەپێکردووە، پێرێز لە ئێستاوە دەستیکردووە بەپلاندانان بۆ وەرزی داهاتوو، راهێنەری داهاتوو و ئەو گرێبەستانەشی یەکلاکردووەتەوە کە ئەنجامیان دەدات.
 
کێشەی سەرەکی کە پێرێز یەکلای دەکاتەوە، دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدە و ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، سەرۆکی ریال مەدرید نایەوێت راهێنەرێک بهێنێتە یانەکە کە پێشتر ئەزموونی لەگەڵیدا نەبێت، هەربۆیە بڕیاری خۆی لەسەر دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان کۆتایی پێهێناوە بۆ مەشقدانی تیپەکە.
 
پێرێز هیواخوازە توانای رازیکردنی زیدانی هەبێت بەوەی خەونی مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کەمێک دوابخات، لەپێناو جارێکی دیکە مەشقدانەوەی یانەی ریال مەدرید.
 
شۆڕشی گۆڕانکارییەکەی سەرۆکی ریال مەدرید، هێنانی سێ یاریزانی کاریگەریش لە خۆ دەگرێت، بەتایبەت دوو ناوەڕاستکار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کێشە زۆرانەی لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەدا هەن.
 
سەرچاوە مەدریدییەکان گوتویانە، فابیان رۆیزی یاریزانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەرۆکی ریال مەدرید، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی تیپەکە لەدوای رۆیشتنی تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچەوە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
 
گرێبەستی رۆیز لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، ئەوەش هەلێکی باشە دەداتە پێزێز بۆ ئەوەی بەتێچوویەکی کەم، گرێبەستەکەی لە سانجێرمان بکڕێتەوە.
 
ڤیتینیا، یەکێکی دیکەیە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەرۆکی ریال مەدرید. ئەو یانەیە ماوەیەکی بەرچاوە دەیەوێت پەرچەکرداری ڤیتینیا بزانێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی.
 
سەرچاوەکان کارەکە بەزەحمەت ناودەبەن، بەهۆی ویستی سانجێرمان بۆ هێشتنەوەی ئەو یاریزانە لە ریزەکانیدا، بەڵام ئەوەش دەڵێن کە خستنەڕووی 100 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەری دەستبەرداربوونی سانجێرمان لەو یاریزانە بەهێز دەکات.
 
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە گرفتەکانی هێڵی بەرگریش، ریال مەدرید سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ براهیما کۆناتێی بەرگریکەری لیڤەرپوول کە تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێنەکردووەتەوە. ئەگەرچی گرێبەستەکەی هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت.
 
کۆناتێ ماوەیەکی زۆرە بە ریال مەدریدەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەو یانەیە هەموو هەنگاوێکی بە ئاراستەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە، بۆ هاوینی داهاتوو دواخستبێت.
 
ریال مەدرید لەنێو ئەو گۆڕانکارییە گەورانەدا، پێشبینیکراوە دەستبەرداری ژمارەیەک یاریزانی ببێت، لە نێویاندا داڤید ئالابا، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، دانی سێبایۆس و براهیم دیاز.