بارسێلۆنا مایۆرکاشی راماڵی و پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزتر کرد
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی 23ی لالیگا سەرکەوتنێکی گەورەی بەئەنجامی 3-0 بەرامبەر ریال مایۆرکا بەدەستهێنا.
هەردوو تیپەکە بەوریایییەوە دەستیان بە یارییەکە کرد، خولەکەکانی سەرەتا چەند هەوڵێکی مایۆرکای بەخۆوە بینی لە رێگەی یاریزانان فێرگیلی و فیدات مۆریکییەوە، کە تێیدا مۆریکی نزیک بوو لە خولەکی 17دا گۆڵی یەکەم تۆمار بکات بە لێدانێک کە بە تەنیشت ستوونەکەدا رۆیشت، دوای ئەوەی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، لە خولەکی 12دا لێدانێکی سەری مەترسیداری فێرگیلی و لە خولەکی 22دا لێدانێکی دیکەی هەمان یاریزانی گەڕاندەوە.
بارسێلۆنا لە رێگەی مارکۆس راشفۆرد و لامین یامالەوە وەڵامی هەوڵەکانی دایەوە، لە خولەکی 29، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی توانی بەربەستی بەرگریی مایۆرکا بشکێنێت، دوای ئەوەی پاسێکی لە ناوچەی سزا پێگەیشت و بە هێزەوە ئاراستەی گۆشەی خوارەوەی لای راستی گۆڵی کرد، بەمەش بارسێلۆنا بە گۆڵێک پێشکەوت.
ئەم گۆڵە پاڵنەرێکی مانەوی گەورەی بە خاوەن یاریگا بەخشی تاوەکو کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم.
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەم و لە خولەکی 48دا، لامین یامال لەنێو ناوچەی سزادا کەوت دوای ئەوەی یەکێک لە بەرگریکارانی مایۆرکا لێیدا، بەڵام ناوبژیوان ئاماژەی بە بەردەوامبوونی یارییەکە کرد لە نێو ناڕەزایەتیی یاریزانانی بارسێلۆنادا.
هەروەها ناوبژیوان رەتیکردەوە لێدانێکی سزا بەهۆی بەرکەوتنی تۆپ بە دەستی دەیڤید لۆپێز لەنێو ناوچەی سزادا هەژمار بکات، ئەم بڕیارانە و چەند بڕیارێکی دیکە بوونە هۆی تووڕەبوونی هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا.
لە خولەکی 61، بەلێدانێکی نایابی لامین یامال، بارسێلۆنای بە گۆڵێکی دیکە پێشخشت و خستیە بارودۆخێکی ئارامەوە.
لە خولەکی 83دا، مارک بێرناڵ بە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم کۆتایی بە فیستیڤاڵی گۆڵەکان هێنا، ئەمەش دوای هەوڵێکی تاکەکەسیی ناوازە لەنێو ناوچەی سزادا بە لێدانێکی جوان کۆتایی پێهێنا، بەمەش باڵادەستیی تەواوی بارسێلۆنای بەسەر مایۆرکادا دووپاتکردەوە.
بەم ئەنجامە، بارسا کۆی خاڵەکانی بۆ 58 خاڵ بەرزکردەوە و لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدا مایەوە، مایۆرکاش بە 24 خاڵ لە پلەی 15 مایەوە.