ریال مەدرید تاوتوێی مەرجە قورسەکانی مۆرینیۆ دەکات
رووداو - دیجیتاڵ
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا جۆزێ مۆرینیۆ بژاردەیەکی ریال مەدریدە بۆ پێدانی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە و دەڵێن "مۆرینیۆ مەرجی قورسی بۆ گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید هەیە و بەهۆیەوە چارەنووسی دوو ئەستێرەی هەرە دیاری یانەکە دەکەوێتە مەترسییەوە".
جارێکی دیکە ناوی جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، لەنێو کۆڕ و کۆبونەوەکانی یانەی ریال مەدریددا بەشێوەیەکی بەهێز دەبیسترێتەوە. دەنگۆکان باس لە ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانە شاهانەکە دەکەن لەلایەن مۆرینیۆوە، بەڵام گەڕانەوەی 'سپێشەڵ وەن' هێندە ئاسان نییە؛ ئەو راهێنەرە کۆمەڵێک مەرجی تووندی بۆ کارگێڕیی یانەکە داناوە پێش ئەوەی بیر لە قبوڵکردنی هەر دەستپێشخەرییەک بکاتەوە. ئەمە بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی.
دیدگای مۆرینیۆ بۆ پێکهاتەی ئێستا
مۆرینیۆ بەوە ناسراوە کە هەمیشە دیسپلین و سیستمی ناوخۆیی دەخاتە پێش بەهرەی تاکەکەسی یاریزانان. ئەو پێیوایە هەندێک لە یاریزانانی ئێستای ریال مەدرید خاوەن کەسایەتییەکی زۆر بەهێزن، ئەمەش لەوانەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم شێوازی کارکردنی، بۆیە داوای سەرلەنوێ رێکخستنەوەی تەواوی پێکهاتەکەی کردووە.
گەورەترین بەربەست؛ جود بێلینگهام
یەکەم یاریزان کە بووەتە جێی نیگەرانی مۆرینیۆ، ئەستێرەی ئینگلیزی جود بێلینگهامە. سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی، مۆرینیۆ پێیوایە بێلینگهام لەگەڵ فەلسەفەی ئەو بۆ بەڕێوەبردنی تیپەکە ناگونجێت. مۆرینیۆ دەترسێت کەسایەتییە کاریگەرەکەی بێلینگهام ببێتە رێگر لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی ژووری جلگۆڕین لەلایەن راهێنەرەوە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە مۆرینیۆ پێیوایە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەی، لەوانەیە پێویست بکات یانەکە دەستبەرداری بێلینگهام ببێت، هەرچەندە تێچوویەکی دارایی زۆریشی هەبێت.
ڤاڵڤێردیش لەژێر وردبینی مۆرینیۆدایە
نیگەرانیی مۆرینیۆ تەنیا بێلینگهام ناگرێتەوە، بەڵکو فێدێ ڤاڵڤێردیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی کە مۆرینیۆ گومانی لە گونجانی هەیە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دڵنیا نییە لەوەی ڤاڵڤێردی بتوانێت لە کاتە هەرە هەستیار و پڕ لە گوشارەکاندا، بەتەواوی پابەندی پلانە تاکتیکییەکانی ئەو بێت. مۆرینیۆ یاریزانێکی دەوێت کە بەبێ گفتوگۆ فەرمانەکانی جێبەجێ بکات و دەسەڵاتی راهێنەر بەهێزتر بکات.
مەرجی تووند بۆ ژووری جلگۆڕین
مۆرینیۆ جەختی کردووەتەوە کە گەڕانەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ مەحاڵە ئەگەر یانەکە مەرجە وەرزشییەکانی ئەو قبوڵ نەکات، کە لەوانەیە ببێتە هۆی رۆیشتنی چەندین ناوی درەوشاوە و گەورەی یانەکە. ئەمەش وایکردووە کارگێڕیی ریال مەدرید بەوریاییەکی زۆرەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم مەرجانەی مۆرینیۆ بکات.
ئەو راهێنەرە پورتوگالییە کەسایەتییەکی ئاسان نییە، گەڕانەوەشی بۆ ریال مەدرید تەنیا گۆڕینی یاهێنەر نییە، بەڵکو بە واتای 'کودەتایەکی تەواو' دێت لە داینامیکییەت و پێکهاتەی تیپەکەدا. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی فلۆرێنتینۆ پێرێزن؛ ئایا ریال مەدرید ئامادەیە بۆ سەرکێشییەکی لەو شێوەیە؟!.