فەرمی.. بارسێلۆنا پشتی لە پێرێز کرد و لە سوپەرلیگ کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی کشانەوەی لە پڕۆژەی سوپەرلیگ راگەیاند و هەموو ئەو یانانەی ئاگادارکردووەتەوە کە پەیوەندییان بەو پڕۆژەیەوە هەیە.
بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، کشانەوەی لە پڕۆژەکە راگەیاند، بەفەرمی ئەمەی بە کۆمپانیای سوپەرلیگی ئەورووپی و ئەو یانانە راگەیاندووە کە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن.
کشانەوەی بارسێلۆنا لە پڕۆژەکە لەکاتێکدایە، کە هاوشانی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، یانەکە هاوبەشێکی سەرەکیی پڕۆژەکە بوو.
پڕۆژەی سوپەرلیگ، پڕۆژەیەلی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدە و لە ساڵی 2021 راگەیێنراوە، پێشتر سەرۆکی پڕۆژەکە رایگەیاندبوو، ئامانج لەو پڕۆژەیە ئەوەیە یانەکان لەرووی ئابوورییەوە گەشانەوەیەکی زۆر زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و تۆپی پێی ئەورووپا بچێتە قۆناخێکی پێشکەوتووترەوە.
هەر بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا دەستکاریی شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی کرد، ژمارەی یانەکان زیادکرا و کۆی گشتی خەڵاتەکانیشی زیادکرد.
پێشتر یانەکانی ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید، بارسێلۆنا، لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، تۆتێنهام، ئەیسی میلان، ئینتەرمیلان، یوڤێنتوس، بایرن میونشن، پاریس سانجێرمان و بۆرووسیا دۆرتموند لە پڕۆژەکەدا بوون، بەڵام یانەکانی ئینگلتەرا و ئیتاڵییەکان لە پڕۆژەکە کشانەوە، ئەوە بووە سەرەتای دروستبوونی کێشە بۆ پڕۆژەکە.
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی یۆفا کۆبووەوە و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بەخێرهاتنەوەی یانەی بارسێلۆنای کرد بۆ نێو ماڵباتی تۆپی پێی ئەورووپا و گوتی "بارسێلۆنا گەڕایەوە شوێنی ئاسایی خۆی و بەخێرهاتنەوەی دەکەین." ئەوە بووە یەکەم ئاماژە بۆ کشانەوەی بارسا لە پڕۆژەکەی پێرێز.