ئامارەکان لە دژی هالاندن؛ ئانفیڵد دەبێتە وێستگەی گەڕانەوەی هێرشبەرە نەرویجییەکە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و سبەی یەکشەممە دەچێتە یاریگەی ئانفیڵد بۆ رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول، لەکاتێکدا هێرشبەرەکە لە 12 یاریی رابردوودا تەنیا 2 گۆڵی تۆمارکردووە. ئەمە لەلایەن گواردیۆلاوە وەک "ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی" ناودەبرێت، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن ئەم دابەزینی ئاستە لە ناوەڕاستی وەرزدا، بووەتە خوویەکی هەمیشەیی ئەو یاریزانە.
ئالفی هالاند، باوکی ئێرلینگ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، لەکاتێکدا سەرقاڵی گۆڵفە، بەپێکەنینەوە بە کوڕەکەی دەڵێت "من لە پرێمەرلیگ لە ئانفیڵد گۆڵم تۆمارکردووە، بەڵام تۆ نەتکردووە، من لە مۆندیالی ئەمریکا یاریم کردووە". ئێرلینگ هالاندیش بە پێکەنینەوە وەڵامی دەداتەوە "من دێم بۆت". هالاند پێشتر لە ساڵی 2019 لەگەڵ سالزبۆرگ لەو یاریگەیە گۆڵی کردووە، بەڵام لەگەڵ مانچێستەر سیتی هێشتا نەیتوانیوە لە ئانفیڵد ئەو کارە بکات.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی لەبارەی هالاندەوە دەڵێت "هالاند باشترین هێرشبەری جیهانە". کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا بەرامبەر لیڤەرپوول بەسەرەکی یاریی دەکات، گوتی "نازانم، بڕیاری لەسەر دەدەین، بەڵام هەمیشە دەڵێم ئێرلینگ باشترینە". ئەم قسانە دوای ئەوە دێن کە هالاند لە چەند یاریی رابردوودا بەهۆی ماندووێتییەوە پشووی پێدراوە.
ژمارەکان دەریدەخەن، هالاند لەم وەرزەدا سەرەتایەکی ناوازەی هەبووە و لە 14 یاریدا لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی بەیەکەوە 24 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام لە دوای سەری ساڵەوە هەلی گۆڵکردنی کەمتر بۆ رەخساوە. لە شەش یاریی رابردوودا کە بەسەرەکی یاری کردووە، لە چوار یارییاندا هیچ "هەلی گەورە"ـی بۆ نەڕەخساوە. ئەمەش نیشانەی کێشەی دروستکردنی هەلە لەلایەن یاریزانانی وەک فۆدین و تیجانی رایینێدرزەوە کە ئاستیان دابەزیوە.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا گۆڕانکاری لە شێوازی یاریکردنیدا کردووە و زیاتر پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستێت، بەتایبەت لە دوای هاتنی پێپ لایندەرز وەک یاریدەدەری راهێنەر. ژمارەکان دەریدەخەن هالاند کەمترین رێژەی پاسی پێدەگات لە کاتی راکردنەکانیدا، کە تەنیا 13%ـی راکردنەکانی بە وەرگرتنی تۆپ کۆتایی دێن.
لەگەڵ رۆیشتنی یاریزانە ئەزمووندارەکانی وەک ئێدێرسۆن، کایل واکەر، گوندۆگان و کێڤین دیبرۆین، هالاند ئێستا یەکێکە لە کاپتنەکانی تیپەکە و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتری لەئەستۆیە. هەرچەندە عومەر مەرمووش و ئانتوان سێمێنیۆ لە ئاستێکی بەرزدان، بەڵام چاوەکان هەمووی لەسەر هالاندن تاوەکو لە یاریی لووتکەی بەرامبەر لیڤەرپوول هاوسەنگییەکە بۆ سیتی بگەڕێنێتەوە.