ڤینیسیۆس هەڕەشە لە مانچێستەر سیتی دەکات، ئەمجۆرە بردنەوەیە پاڵەوان دروستدەکات


رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتن بەرسەر سێلتاڤیگۆ لە لالیگا دەربڕی و گوتی ئێستا زیاتر متمانەمان بەخۆمانە.
 
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بەگۆڵی ڤاڵڤێردی لە کاتی زیادکراودا، سەرکەوتنی بەسەر سێلتاڤیگۆ بەئەنجامی 2 - 1 گۆڵ بەدەستهێنا.
 
ڤینی دوای یارییەکە گوتی، "زۆر دڵخۆشین بەبردنەوەکە، بردنەوەیەکی گرنگ بوو بۆ بەردەوامیدان بەجەنگان لەپێناو پێشەنگی لالیگا، ئێمە هەموو کات لەپێناو دروشمی ریال مەدرید یارییدەکەین".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەم بردنەوەیە هاوکاریی تیپەکە دەکات و رۆحێکی بەرزی جەنگانی دەداتێ، لەبەرئەوەی کاتێک لە دوایین خولەکی یاریدا گۆڵی سەرکەوتن تۆماردەکەیت، هەستدەکەی هەموو ئەو وزەیەی بەدرێژایی یارییەکە خەرجتکردووە، بەرهەمی هەبووە.. ئەمجۆرە بردنەوەیە پاڵەوان دروستدەکات، وامان لێدەکات بەمتمانەیەکی زیاترەوە روو لە یاریی داهاتوو بکەین".
 
ڤینیسیۆس زیاتر دەڵێ، "ئێمە لە ریال مەدرید هیچکات خۆمان بەدەستەوە نادەین و تاوەکو دوایین خولەک یاریدەکەین، ئەمە بەشێکە لە شوناسی ئێمە، ئەوەشمان لەبیربێت کە بەدەستهێنانی خاڵەکانی یارییەکە بەو شێوەیە، پاڵنەری زیاترمان دەداتێ و دەریدەخات ئێمە بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادەین".
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر گوتویەتی، "ئەمە باشترین دیارییە پێشکەشی هاندەرانمان بکەین".
 
ڤینیسیۆس لە یارییەکەدا نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات، ئاستێکی زۆرباشیشی نەبوو، بەڵام گوتوویەتی، "هەستدەکەم لە باشترین دۆخی خۆمدام، رۆژانە، لێبڕاوانە لەگەڵ هاوڕێکانم و دەستەی راهێنەران کاردەکەم بۆ گەیشتن بەو ئاستە. هەست بەمتمانەیەکی تەواو دەکەم بەرامبەر گۆڵ و هێزم هەیە بۆ هاوکاریکردنی تیپەکەم لە هێرش و بەرگریدا، دڵخۆشم بەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، هەروەها بەوەی دەتوانم هاوکاربم بۆ سەرکەوتنەکانی تیپەکەم".
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە دەڵێ، "من ئەمڕۆ کەمێک ماندوبووم، لەبەرئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر یارییم کرد، بەڵام ئێمە دەبێ هەموو کات ئامادەبین".
 
زیاتر گوتوویەتی، "ئێمە دەمانەوێ وەشانێکی مەزنی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی ببینین، ئەو تیپەبین کە کۆنترۆڵی یارییەکە دەکات، هێرشدەکات و بۆ هەموو تۆپێک دەجەنگێت".
 
ئەو پەیامی بۆ هاندەرانی یانەکەشی ناردووە، "دەبێ نموونەیی بین بەرامبەر سیتی، داوا لە هاندەران دەکەم ئەوە دووبارە بکەنەوە کە هەموو کات دەیکەن، دەمانەوێ بەدروشم و هاندان پاڵمان بدەن، بێرنابیۆ بکەنە شوێنێکی قورس بۆ رکابەرەکەمان. ئێمە بەهۆی ئەوانەوە زۆر بەهێزتر دەبین".
 
بڕیارە ریال مەدرید شەوی چوارشەممە لە یاریگەی خۆیدا، میوانداریی مانچێستەر سیتی بکات، لە یاریی چوونی قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.