نەورۆز دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت و هەولێر و دهۆک ئەرکیان قورسە
رووداو دیجیتال
لە گەڕی بیست و یەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە یانەکانی کوردستان سێ یاریی قورس ئەنجامدەدەن. یانەی نەورۆز چاوی لە سێ خاڵی دیکەیە و هەولێر و دهۆکیش بەرامبەر تیپە گەورەکانی بەغدا ئەرکیان قورسە.
نەورۆزی کوردان لە شاری سلێمانی لەنێو یاریگە جوانەکەیدا بە پاڵپشتی هاندەرانی میوانداریی یانەی زەورا دەکات. نەورۆز ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و دوو یاریی پێشووی بە سەرکەوتنی خۆی تەواوکردووە، سوورپۆشانی پایتەختی رۆشنبیری لە دوایین ئامادەکارییان داوای پاڵپشتییەکی بەهێزی هاندەرانیان کرد.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "ئامادەکاریمان بۆ یاریی داهاتوومان بەرامبەر یانەی زەورا مامناوەندە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردووماندا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، ئێستا چاومان لەوەیە هەڵوێستمان لە ریزبەندیی یانەکان زۆر باشتر بێت، کە بێگومان ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆری هاندەران خاڵێکی بەهێزە بۆ ئێمە".
یانەی زەورا بەر لە دوو رۆژ ئامادە نەبوو گەشتی شاری سلێمانی بکات و یاریزانە پیشەگەرەکانی پەڵپیان لە دۆخی ئاسایشی کوردستان گرت، یانەکە داوای دواخستنی یارییەکەی کرد، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیپەکە گەیشتە شاری سلێمانی و دۆخی باش نییە، چونکە لە دوو یاریی رابردوویدا سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە و لوئەی سەڵاح، وەک راهێنەر تازە دەستبەکار بووە.
یانەی هەولێر لە دۆخێکی زۆر قورسدا لە شاری روومادی یاریی لەگەڵ یانەی گەرمە دەکات، پێنج یاریزانی سەرەکی و کاریگەر کە بریتیین لە مستەفا قابیل، ئاکۆ عوزێر، هومام تاریق، زولفەقار یونس و ئەرکان ئەمیر بەهۆی سزادانیان لەلایەن باسم قاسمی راهێنەر دوورن لە ئیمپراتۆر، واتا هەولێر تاقیکردنەوەکەی زۆر قورسە.
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە روونیکردەوە "یانەی گەرمە بەهێزە و چاوەڕوانی یارییەکی بەهێزین، چاوممان لە سێ خاڵی یارییەکە و رکابەریکردنە لەسەر پلەی پێشەنگی ریزبەندی".
یانەی دهۆک بارودۆخی خراپە و دوو یاریی رابردوو دۆڕاوە و هاندەرانیشی نیگەرانن، ئالهۆین چیای لەنێو ئەو یاریگەیەی لە وەرزی رابردوودا مێژوو و سەروەری تێدا نووسییەوە و جامی یانەکانی کەنداوی بەرزکردەوە، ئەمجارە میوانداریی یانەی شورتە دەکات.
موئمن سلێمان، راهێنەری یانەی شورتە بەر لە یارییەکە دەڵێت "راستە یاریی رابردوو دۆڕاون، دهۆک تیپێکی بەهێزە و لەڕووی تەکتیکیەوە یارییەکی جوان دەکات".
دوای تێپەربوونی بیست گەڕ لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، یانەی دهۆک 27 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە. یانەی نەورۆزیش 25 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی دوازدەمە.