میدیای ئیسپانیا: ئێمباپێ عاشق بووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەیاوەریی ئیستەر ئێکسپۆسیتۆی خانمە ئەکتەری بەناوبانگی ئیسپانی بینراوە و ئەو دووانە بوونەتە خۆشەویستی یەکدی.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو دووانەیە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا لە ئیسپانیا پێکەوە بینراون و رۆژی پێنجشەممەی پێشووش، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا پێکەوەبوون.
 
ئێمباپێ لە پاریس بووە بۆ وەرگرتنی بەشێک لە چارەسەری ئەو پێکانەی لە ئەژنۆیدا دووچاری بووە و بەهۆیەوە لە یارییەکانی یانەکەی دابڕاوە. ئەو یاریزانە بەئاگاداریی و لە ژێر سەرپەرشتی پزیشکەکانی ریال مەدرید، لە فەرەنسا چارەسەری وەرگرتووە.
 
بەپێی هەواڵی سەرچاوە فەرەنسی و ئیسپانییەکان، ئەو ئەستێرە فەرەنسییە پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە شۆخوشەنگە ئیسپانییەکەدا داناوە. ئەو دووانەیە رۆژی 25ی مانگی رابردوو لە ئیسپانیا بینراون و دواتر لەفەرەنسا جارێکی دیکە یەکدییان بینیوەتەوە.
 
ئێمباپێ بەدرێژایی کاروانی درەوشانەوە و ناوبانگی خۆی، بەوریارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەکات و هیچ کاتێک بوونی پەیوەندی خۆی لەگەڵ هیچ ئافرەتێکدا ئاشکرا نەکردووە.
 
سەرچاوەکان سەرنجی ئەوەیان داوە کە ئێمباپێ لە ئینستاگرام فۆڵۆی ئیستەری کردووە و ئەویش بەهەمان شێوە فۆڵۆی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسای کردووە.
 
ئیستەر ئێکسپۆسیتۆ، یەکێکە لە خانمە شۆخوشەنگە بەناوبانگەکانی ئیسپانیا و لە چەندین کاری درامی و سینەماییدا بەشدارییکردووە و ناوبانگێکی زۆری هەیە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو خانمە ئەکتەرە لەگەڵ بوونی ئێمباپێ لە پاریس، وێنەیەکی خۆی لە نزیک تاوەری ئیفڵ بڵاوکردووەتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پێشبینی پێشتری میدیاکان بۆ بوونی پەیوەندی لەنێوان هەردوولا، راستە.