ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و شوێنی خۆی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بەهێزترکرد.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆی بەرامبەر سەرکسپۆر یارییکرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر تیفۆیەکی تایبەتیان بۆ رێزلێنان لە خەبات و ماندووبوونی ژنان لە یاریگەدا بەرزکردەوە و یانەی ئامەدسپۆر لەسەر پۆستی تیفۆکە نووسیوویەتی "دونیا لە سایەی زەحمەتکێشانی ژناندا دەبێتە شوێنێکی جوانتر."
دوای ئەوە یارییەکە دەستپێکرد، لە نیوەی یەکەمدا یاریزانانی هەردوولا چەند هەلێکیان بۆ رێککەوت، بەڵام لە تۆمارکردنی گۆڵدا سەرکەوتوو نەبوون.
لە نیوەی دووەمدا ئامەدسپۆر هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی چڕکردەوە، لە خولەکی 63 ئافێنا جیان، گۆڵێکی بۆ کەسک و سوور تۆمارکرد، ئامەدسپۆر پێشکەوت.
دوای ئەوە هێرشەکانی ئامەدسپۆر بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی بەردەوامبوون، لێدانێکی سزا بۆ یانەکە هەژمارکرا، بەڵام ناوبژیوان لە رێگەی ڤارەوە لێدانەکەی رەتکردەوە.
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە بۆ 58 خاڵ بەرزکردەوە و بەشێوەیەکی کاتی تەنیا یەک خاڵ لە یانەی ئێرۆکسپۆرەوە دوورە.