لامین یامال سەرکەوتنێکی گرنگی بۆ بارسێلۆنا بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا بەردەوامە لە پاراستنی پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی بەنرخی بە گۆڵێکی بێوەڵام بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو تۆمارکرد، لەو یارییەی کە لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی بەڕێوەچوو.
تاکە گۆڵەکەی یارییەکە لەلایەن یاریزانی لاوی بارسێلۆنا، لامین یامال لە خولەکی 68دا تۆمارکرا، دوای ئەوەی سوودی لە ئەسیستێکی پێدری وەرگرت کە وەک یاریزانی یەدەگ لە نیوەی دووەمدا هاتبووە نێو یاریگا.
بەمەش لامین یامال کۆی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولی ئیسپانی گەیاندە 14 گۆڵ، لە کاتێکدا پێدری گەیشتە 10ـیەمین ئەسیستی خۆی لە سەرجەم پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا.
بەو سەرکەوتنە، بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی بۆ 67 خاڵ بەرزکردەوە و دووبارە جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ چوار خاڵ فراوانتر کرد.
هەروەها یارییەکە درەوشانەوەیەکی بەرچاوی خوان گارسیای گۆڵپارێزی بەخۆیەوە بینی، کە توانی بۆ 11ـیەمین جار لەم وەرزەدا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی بپارێزێت.