ناکۆکییەکان لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا دەستیانپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

لە بارسێلۆنا کێشەکان دەستیانپێکرد، پێکانەکانی ئەو یانەیە هانزی فلیکی راهێنەر تووڕە دەکەن و تۆمەتبارکردنی یەکدی لە ژووری جلگۆڕین دەستیپێکردووە.
 
هانز فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا تووڕەیی خۆی بەرامبەر ستافی پزیشکی و ئامادەکارە جەستەییەکانی یانەکە دەربڕی دوای ئەو پێکانە نوێیانەی روویان لە ریزەکانی تیپەکە کردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت پێداچوونەوە بەشێوازی کارکردندا بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانانە بکرێت، ئەمەش نیشانەی سەرهەڵدانی قەیرانێکی ناوخۆییە لە قەڵا کەتەلۆنییەکەدا.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردەوە کە لێدوانەکانی فلیک دوای رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، وەک هێرشێکی راستەوخۆ وابوو بۆ سەر تیپی پزیشکی بەسەرۆکایەتی دکتۆر ریکارد برۆنا و ئامادەکارە جەستەییەکان بەسەرۆکایەتی خۆلیۆ تۆس. فلیک گوتی "دوو پێکانمان بۆ زیاد بوو کە باڵدێ و کۆندێن، بەمە دڵخۆش نیم و دەبێت لەگەڵ ستافی پزیشکی و تەکنیکی قسە بکەین بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە پێکرانی سێ یاریزان لە یەک هەفتەدا.
 
دژایەتییەکانی فلیک
 
رۆژنامەکە روونیکردەوە کە پەیامەکەی فلیک بەهێز بوو، بەڵام هەندێک دژایەتی تێدابوو، چونکە دواتر دانی بەوەدا نا کە سەرکێشیی بە یاریزان پێدرییەوە کردووە و بڕیاری داوە لە خولەکی 70 نەیگۆڕێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتر جەختی کردبووەوە کە یاریزانەکە ناتوانێت 90 خولەکی تەواو یاری بکات. چاوەڕوان دەکرێت پێدری لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە سان مامیس بەسەرەکی یاری نەکات، دوای ئەوەی فلیک درکی بەوە کرد کە لە یاریی رابردوودا یاریزانەکەی خستووەتە لێواری مەترسییەوە.
 
رادیۆی RAC 1 چوارشەممەی رابردوو ئاماژەی بەوەکرد کە یاریزانەکان لەم دۆخە بێزاربوون کە ماوەیەکە دەستیپێکردووە. گومان لە رۆڵی خۆلیۆ تۆس، رێکخەری ئامادەکاری جەستەیی دەکرێت، هەرچەندە بارسێلۆنا وەرزی رابردوو وەک فڕۆکەیەک بوو کە نەدەوەستا و 60 یاری ئەنجامدا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی وەرزی 2025-2026 دەنگۆی ناڕەزایی لە ئامادەکاری جەستەیی سەریهەڵدا، پێش ئەوەی فلیک ئێستا لایەنی پزیشکیش بۆ قەیرانەکە زیاد بکات.
 
ئێستا بارسێلۆنا بێبەشە لە تواناکانی ئەندریاس کریستنسن، گاڤی، دی یۆنگ، کۆندێ و باڵدێ و هیچ کامێکیان بەم زووانە ناگەڕێنەوە. ئەمە جەگە لەو مشتومڕەی لەسەر چارەسەرکردنی پێکانەکەی گاڤی هەیە کە دوای دەستپێکی وەرز نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ کرا. 
 
هەروەها کێشەی رافینیا کە دووجار تووشی پێکان بووەوە و سێ یاری دابڕاوە بەهۆی تێکچوونی دەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکەی (لە نێوان ماندوێتی و پێکان). تەنانەت تێر شتێگنی گۆڵپارێزیش بڕیاری داوە سەردانی پزیشکە تایبەتەکەی خۆی بکات، چونکە متمانەی بە دەستنیشانکردنی پزیشکەکانی بارسا نییە.
 
قەیرانی جەستەیی و پزیشکی لە بارسێلۆنا بە کارێکی سەیر دادەنرێت، چونکە گرووپەکەی خۆلیۆ تۆس وەرزی رابردوو وەرچەرخانێکی گەورەیان دروستکرد و تیپەکەیان کردە یەکێک لە باشترینەکان لەڕووی راکردن و خێرایی بەرزەوە، یاریزانانی وەک باڵدێ، کۆندێ، رافینیا و لیڤاندۆڤیسکی گەشەیەکی سەرسوڕهێنەریان بەخۆوە بینی، تەنانەت پێدریش مامەڵەکردن لەگەڵی گۆڕا لە پشوودانەوە بۆ یاریکردنی بەردەوام.
 
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی نێو ژووری جلگۆڕینی بارسا هۆکاری قەیرانەکە ئاشکرا دەکەن و دەڵێن "کاری پێویست لەسەر ئاستی هێزی جەستەیی ناکرێت"، ئەمەش راول مارتینێزی بەرپرسی چاکبوونەوەی یاریزانانی خستووەتە 'لیستی رەش'ـەوە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێس دووپاتیکردەوە کە کەشێکی ئاڵۆز باڵی کێشاوە بەسەر بارسێلۆنادا، بەتایبەت کە پەیامەکەی فلیک و گلەییکردنی لە پێکانەکان بۆ ستافەکان بەئازار بووە، چونکە دوای کێشەکەی رافینیا هات، ئەمەش وادەکات لایەنی جەستەیی لە بارسێلۆنا ببێتە دۆسێیەک کە پێویستی بە چاودێری ورد بێت لە مانگەکانی داهاتوودا.