لێدوانی راهێنەر و یاریزانان.. ریال و بایرن یارییەکەیان بەزەحمەت دەزانن
رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی لە کۆنگرەی رۆنامەڤانی بەر لە یاریی لووتکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ، قسەیان بۆ میدیاکان کرد و هەریەکێکیان پەسنی تیپی رکابەری دا. ڤینسییۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی شاهانە رایگەیاند کە هیوادارە بەردەوام بێت لەسەر ئاستی ئێستای. جۆشوا کیمیچی کاپتنی یانەی باڤاریش دووپاتیکردەوە کە یاریی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا هەمیشە یارییەکی تایبەتە.
کاژێر 22:00 سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە شانۆی یارییەکی دیکەی گەورەی ئەورووپا، کاتێک هەردوو تیپ لە یاریی چووندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئەمە پوختەی قسەکانی راهێنەر و یاریزانانی ریال مەدرید و بایرن میونشنە:-
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید:
یاریزانەکان بەتەواوی ئاگاداری ئەوەن کە ئەم یارییەی لەپێشیانە چەند زەحمەتە، بێگومان پێویست ناکات من هیچ شتێکیان بیر بخەمەوە. ئێمە بینیومانە بایرن لە ناو یاریگادا چی دەکات. دەبێت ئامادەبین بۆ ئەوەی بزانین ئەوان چی بەرامبەر ئێمە دەکەن و ئێمەش چی بەرامبەر ئەوان دەکەین. ئەمە یاریی چارەکی کۆتاییە بەرامبەر تیپێک کە مێژوویەکی گەورەمان لەگەڵیدا هەیە، لەگەڵ یاریگای بێرنابیۆ کە پڕدەبێت لە وزە و جۆشوخرۆش. بۆیە پێموایە هەموومان هەست بە گرنگییەکەی دەکەین.
بەدڵنیاییەوە ئێمباپێ بەباشی دەزانێت ریال مەدرید چییە. ئەو خەونی بەوەوە دەبینی ببێتە یاریزانی ریال مەدرید. هەموومان وێنەکانی پێشووی کیلیان ئێمباپێمان بینیوە کە درێسی ریال مەدریدی پۆشیوە و خەونی بەوەوە دەبینی لێرە بێت. ئەوەی ئەو کردی بۆ ئەوەی بێتە ئێرە ئاسان نەبوو. حەزدەکەم دوای یارییەکەی بایرن ئەم پرسیارەم لێ بکەنەوە.
ئەوەی دەگۆڕێت بەگەڕانەوەی بێلینگهام بۆ ناو یاریگا ئەوەیە کە ئێمە دەبینە تیپێکی باشتر. دڵنیام لەم یارییەدا ئەوە دەبینین، چونکە ئەو یاریزانێکە زۆر شتمان پێدەبەخشێت. من زۆرجار باسی سەرکردایەتی ئەو و هەروەها تواناکانی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ کردووە، دووبارە دەگەینەوە سەر هەمان خاڵ؛ ئەو خاوەنی کوالێتییەکی ناوازەیە بەراورد بە یاریزانانی دیکە، کاتێک ئەو لە یاریگادایە، پێویستە هەم ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی بگونجێنین و هەم هاوڕێکانیشی لەگەڵ ئەو بگونجێن. تۆپی پێ ئاوایە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید:
ئەوکاتەی لە گۆڵکردن وەستابووم قۆناخێکی سەخت بوو، چونکە بەشداریی زۆر یاریم کرد، بەڵام بە خولەکێکی زۆر کەم. هەر راهێنەرێک شێواز و مێتۆدی تایبەتی خۆی هەیە. هەر راهێنەرێک رێگەی خۆی هەیە و من نەمتوانی خۆم لەگەڵ ئەوەدا بگونجێنم کە چابی و تیپەکە دەیانویست، بەڵام ئەوە ساتێکی فێربوون بوو و زۆر شتی لێوە فێربووم. هەروەها ئەم ماوەیە دەرفەتێکی زۆری بۆ رەخساندم بۆ بیرکردنەوە، تاوەکو وەک مرۆڤێک پەرە بەخۆم بدەم. هیوادارم بەم شێوەیە لەگەڵ ئەربێلوا بەردەوام بم، کە پەیوەندییەکی نایابمان پێکەوە هەیە. ئەو هەمیشە متمانەی پێ بەخشیوم و هەمیشە بەوردی نیشانی داوم کە دەبێت چی بکەم.
ئێمە سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم زۆر ئارامین. زۆر هێمنین، چونکە سەرۆک متمانەی پێمە. من زۆر بەڕوونی دەزانم چیم دەوێت و لە کاتێکی گونجاودا نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ئەنجام دەدەین. دەمەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لێرە بمێنمەوە، چونکە ئەمە یانەی خەونەکانمە و هەموو رۆژێک کە دێمە ئێرە دڵخۆشم و دەمەوێت بۆ چەندین ساڵی دیکە لێرە بمێنمەوە.
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری بایرن میونشن:
ئەو وەشانی ریال مەدریدەی کە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، باشترین وەشانی ریال مەدریدە، ئەو وەشانی کە بەرامبەر مانچێستەر سیتی بینیمان. ئەوەیە کە دەبێت خۆمانی بەباشی بۆ ئامادە بکەین. ئەوان یەکێکن لە باشترین تیپەکانی ئەورووپا. ئەمە لەوانەیە قورسترین یاری بێت کە بتوانیت لەم پاڵەوانێتییەدا لە دەرەوەی یاریگای خۆت ئەنجامی بدەیت. بەبۆچوونی هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەمە بکەینە ئەزموونێکی ئەرێنی و هۆکارن بۆ ئەوەی بمانەوێت ئەم یارییە بکەین.
هەمووان لە یانەکەدا، لەوانەش خۆم و بەتایبەتی هاری کەین، دەزانین ئەم یارییە چەندە گرنگە. پێموایە هەمیشە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو یاریزانەکان بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە کە ئامادەن بۆ یارییەکە. کاتێک بڕیارمان دا دەست پێ بکەین، ئیدی بڕیارەکە دراوە و هیچ بیرکردنەوەیەکی دیکەی تێدا نییە. لەو ساتەوە ئیدی تەنیا پەیوەستە بە پێشکەشکردنی ئاستی بەرز و بردنەوەی یارییەکە، بەڵام ئێوە بەردەوام پرسیار دەربارەی هاری کەین دەکەن و راستیتان پێبڵێم، حەزم لەو پرسیارانەیە. هەر لەبەر ئەوەشە نامەوێت هیچ وەڵامێکتان بدەمەوە.
جۆشوا کیمیچ، کاپتنی یانەی بایرن میونشن:
ئێمباپێ یاریزانێکە یارمەتی هەر تیپێک دەدات کە تێیدا بێت، خاوەنی لێهاتووییەکی تاکەکەسیی یەکجار زۆرە. ئەو هەروەها کاپتنی فەرەنسایە. بەگوێرەی ئەوەش بێگومان ئەو یاریزانێکی زۆر زۆر گرنگە بۆ ریال مەدرید، بەتایبەتی لەم وەرزەدا کە لە هەندێک یارییدا هەست دەکرا شتەکان بۆ ریال مەدرید بەباشی ناڕۆن، کەچی ئەو زۆر لەو یارییانەی یەکلاکردووەتەوە، زۆر گۆڵی تۆمارکردووە و بێگومان سەرمایەکی گەورەیە بۆ تیپەکەی.
کاتێک منداڵ بووم جارێک هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی سەیری یاریگاکە بکەم. تەنانەت هیچ یارییەکیش نەبوو. هەر لەو کاتەوە هەستم بەوە دەکرد کە ئەم شوێنە زۆر گەورەیە. بەڵام یاریکردن لێرە دوای چەند ساڵێک بەڕاستی شتێکی تایبەتە. بێگوێدانە ئەوەی رکابەرەکە ریال مەدریدە، یاریی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا هەمیشە یارییەکی تایبەتە. ئەمانە تەنیا ئەو ساتانەن کە هەموو رۆژێک بەتووندی مەشقیان بۆ دەکەیت. هەر لەبەر ئەوەشە هیوادارم بەیانی بتوانین چێژی لێ ببینین.